ئیسرائیل بە نیازە 'پلانی دۆزەخ' جێبەجێ بکات و کارەبای تەواوی کەرتی غەززەی بڕی


وێستگەنیوز_

لەسەر فەرمانی ئێلی کۆهین وەزیری وزەی ئیسرائیل، کارەبای کەرتی غەززە بە تەواوی بڕدرا، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە داخستنی دەرگای چوونی هاوکارییە مرۆییەکان و  ئیسرائیلیش بەنیازە "پلانی دۆزەخ" لەدژی غەززە بەکاربهێنێت. ئەمەش وەک سزایەک لەبەرئەوەی حەماس داوای دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست و کۆتاییهاتنی یەکجارەکی جەنگی کرد.

رۆژی یەکشەممە، 9ـی 3ـی 2025، ئێلی کۆهین لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا رایگەیاند: "واژۆم لەسەر بڕیاری بڕینی کارەبای کەرتی غەززە کرد. هەموو ئامرازەکانی خۆمان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لە نەمانی حەماس لە غەززە بەکاردەهێنین."
 
ئیسرائیل لە رۆژانی سەرەتای جەنگەکەشدا هەمان کاری ئەنجامدا و گەمارۆی خستەسەر کەرتی غەززە و کارەبا و ئینتەرنێتی لەسەر کوژاندەوە.
 
هەفتەی پێشوو، ئیسرائیل رایگەیاند، دەرگای چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە دادەخەن، "تاوەکو حەماس بە مەرجی درێژکردنەوەی ئاگربەست رازی دەبێت، پلانی دۆزەخ دژیان بەکاردەهێنین و لەناویان دەبەین."
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە مانگی یەکی 2025  دەستیپێکرد و لە 1ـی 3ـی 2025 کۆتاییهات. لەو 42 رۆژەدا هاوکارییەکی زۆری خۆراک، دەرمان و کەلوپەل چوونە ناو کەرتەکە.
 
ئیسرائیل ئەوکات وتی، دەیەوێت ئاگربەستەکە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان درێژبکاتەوە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رازی نەبووە، ئەوان ویستیان لەبری درێژکردنەوە، دەست بە قۆناخی دووەم بکرێت، کە دەبووە هۆی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
 
رۆژی شەممە 8ـی ئەم مانگە، حەماس، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، "تاوانی جەنگ وەک سزادانی بەکۆمەڵ بەکاردەهێنێت، رێگە لە هاوکارییەکان دەگرێت، کە ئەمە کاریگەریی لەسەر بارمتەکانی ناو غەززەش دەبێت."
  
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا، ئەگەر حەماس بارمتەکان رادەست نەکەن، "دووچاری دەرئەنجامێک دەبن کە ناتوانن خەیاڵیشی بکەن." لە ئێستاشدا لەو 251 بارمتەیەی لە 7ـی 10ـی 2023 حەماس رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 34ـیان کوژراون.


AM:09:19:10/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو