ئه‌حمه‌د شه‌رع: سوریا رووبه‌ڕووی هه‌وڵه‌كان بۆ په‌لكێشكردنی بۆ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بێته‌وه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ری سوریا رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی "رووبه‌ڕووی هه‌وڵدان بۆ په‌لكێشكردنی بۆ شه‌ڕی ناوخۆ" بووه‌ته‌وه.
شه‌رع له وتارێكی تۆماركراودا سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه وتی:"سوریا به یه‌كگرتوویی ده‌مێنێته‌وه و ڕێگه به ده‌ستكاریكردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی ناده‌ین".
وتیشی: "ڕژێمی پێشوو برینی قووڵی به‌جێهێشت... و ده‌بێت به‌هێز بین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌وڵده‌ده‌ن وڵات به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ببه‌ن".
سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ری سوریا روونیشیكرده‌وه كه "به‌رامبه‌ر پاشماوه‌كانی ڕژیم به‌خشنده نابین و ئه‌وانیش هیچ ڕێگایه‌كیان نییه جگه له ته‌سلیم بوون. دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه كه لێپرسینه‌وه له‌هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌ین كه ده‌ستی له خوێنی هاوڵاتیان مه‌ده‌نی تێوه‌گلاوه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌زاندووه".
سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ری سوریا جه‌ختی له تاوانباركردنی "هه‌ر بانگه‌وازێك یان داواكارییه‌ك بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری وڵاته‌كه" كرد و رایگه‌یاند كه "سوورین له‌سه‌ر هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌ك كه شایسته‌ی گه‌له‌كه‌مان بێت".
ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه له شار و شارۆچكه‌كانی رۆژئاوای سوریا كه به ناوچه كه‌ناراوییه‌كان ناسراون، شه‌ڕ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تووند له‌نێوان سوپای سوریا و گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك له رژێمی پێشووی سوریا ده‌ستی پێكرد كه به "توند‌وتیژترین" داده‌نرێت له‌دوای رووخانی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه له 8ی كانوونی یه‌كه‌می 2025.
رۆژی هه‌ینی سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ری سوریا له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به "پاشماوه‌ی رژێمی پێشوو" وه‌سفی كردن تا به دادگایان بگه‌یه‌نن.
ئه‌حمه‌د شه‌رع له وتارێكدا دوای ئه‌و روداوانه‌ی له ناوچه‌ی كه‌ناراوه‌كانی سوریا روویاندا، وتی، "به كرده‌وه قێزه‌ونه‌كه‌ی خۆتان له كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی سوریا ده‌پارێزن، هێرشتان كرده سه‌ر هه‌موو سورییه‌كان و به‌و كاره‌ش تاوانێكتان ئه‌نجامدا كه لێبووردنی نییه، بۆیه په‌له بكه‌ن و خۆتان و چه‌كه‌كانتان راده‌ست بكه‌ن".
PM:10:34:09/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 352
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت