پەیامی نوێی ئەحمەد شەرع لەبارەی رووداوەکانی سوریا
وێستگەنیوز-
سەرۆکی کاتی سوریا رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە سوریا رودەدات چاوەڕوانکراو بوو، ئاماژە بەوەشدەکات، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی بە تووندی سزادەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لەمیانەی وتارێکدا لەکاتی نوێژی بەیانی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی دیمەشق رایگەیاند، "ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات، بەشێکە لەو ئالنگارییانەی کە چاوەڕوانکراو بوو".
شەرع داوای لە هەموو ئەو هێزانە کرد کە پشێویان دروستکردووە پابەندی فەرمانی سەرکردە سەربازییەکان بن و دەستبەجێ ناوچەکان چۆڵبکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
ئاماژەی بەوەکرد، "پاشماوەی رژێمەکەی ئەسەد هەوڵدەدەن سوریای نوێ تاقیبکەنەوە، نازانن ئێمە ئەو وڵاتە چاک دەکەینەوە کە ئەوان لەناویان برد".
سەرۆکی کاتی سوریا وتی، "هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی بە تووندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها گەلەکەمان لە کەناراوەکانی سوریا و لە ناوچەی ئاڵۆزییەکان بەشێکی گرنگی وڵاتەکەمانن و ئەرکی ئێمەیە پارێزگارییان لێ بکەین".
ئەحمەد شەرع جارێکی دیکە جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەلامەتی سورییەکان.
AM:09:35:09/03/2025
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت