ئەردۆغان: پێویست بکات ئۆپراسیۆنی وا دەکەین بەرد بەسەر بەرد و سەر بەسەر شانەوە ناهێڵین
وێستگەنیوز_
ئەردۆغان هەرەشەیەکی تووند ئاراستەی پەکەکە و بالە سەربازییەکانی دەکات و دەڵێت، ئەگەر وەڵامی جددیان بۆمان نەبێت، "لە ئۆپراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانەی بەربانگ کردنەوەی لەگەڵ خێزانی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی وڵاتەکەیدا هەڕەشەی لەو لایەن و کەسانە کرد، کە بەدەم هەنگاوەکانیانەوە ناچن و وتی: ئەگەر وەڵامی ئەو دەستەیان نەدرێتەوە، کە بۆ لایەنی بەرامبەریان درێژکردووە، وەک هەمیشە مشتەکۆڵەی ئاسنینیان ئامادەیە.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریدا لەوەی، ئەگەر بە هەر جۆرێک کات بەفیڕۆ بدرێت، خەمساردیی بکرێت و بەهەڵەدابردن هەبێت، یان بە ناو گۆڕین فێڵ بکرێت، ئیتر هیچ تاوانێک لەسەر ئەوان نامێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر پێویست بکات درێژە بەو ئۆپراسیۆنانە دەدەین، کە ئێستا هەن بۆ ئەوەی بەرد بەسەر بەرد و سەر بەسەر شانەوە نەهێڵین، تاوەکو ئەو کاتەی کۆتایی بە دوایین تیرۆریست دەهێنین. ئێمە خاوەن ماڵی ئەم ناوچەیەین، ئێمە هەزاران ساڵە لێرەین و بۆ هەمیشەش لێرە دەمێنینەوە. ئەوانەی دەرفەتی تێکدانی یارییە 200 ساڵییەکە لە ناوچەکەمان لەناودەبەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
سەرۆکی تورکیا، بەبێ ئەوەی ناو بهێنێت هەڕەشەی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، "هێزە ئیمپریالیستەکانیش کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن راگوزەرن؛ با کەس لەبیری نەکات سبەی کە بەرژەوەندیی هێزەکانی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەگۆڕێت و لە ناوچەکە دەکشێنەوە، ئێمە رووبەڕوو بەیەکەوە دەمێنینەوە."
جەختیشی کردەوە لەوەی، "رەنگە پێشتر وەڵامی پێویستمان بۆ هێرشەکانی رێکخراوە تیرۆرسیتییەکان و کودەتاچییەکان نەبووبێت، بەڵام ئیتر ئەو تورکیا نەما، بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکان بەهێز و بەتوانان و دەستمان درێژە. هەر هەنگاوێک بنێێن لەپێناو تورکیا و گەلەکەیدا دەینێین. ئەو کارانەی دەیکەین بۆ رزگاربوونە لە زنجیر و کۆت و بەندەکان".
ئەردۆغان باسی ئەوەشیکرد، "لە وڵاتەکەمان ناوەشێتەوە چارەسەرکردنی کێشەیەک فەرامۆش بکات کە 40 ساڵە زیانی دارایی و مرۆیی قورسی لە وڵاتەکەمان داوە. با کەس گومانی نەبێت کە تورکیا لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانیدا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتە هەرە بەهێزەکانی جیهانە".
PM:02:31:02/03/2025
ئهم بابهته 1856
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت