ماکرۆن بۆ ترەمپ و زیلینسکی: ئارامبگرن و رێز لەیەک بگرن
وێستگەنیوز-
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات "ئارامبگرن" و "رێز" لەیەک بگرن.
سەرۆکی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "پێموایە سەرەڕای تووڕەیی، هەموو کەسێک پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە سەر ئارامگری و رێزگرتن، بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باش بەرەو پێش بچین، چونکەی ئەوەی لە مەترسیدایە، زۆر گرنگە".
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاند، "دوای شەڕە قسەکەی رۆژی هەینی نێوان دۆناڵد ترەمپ و زیلینسکی، ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەردووکیان کردووە".
ماکرۆن رایگەیاندووە، "دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە دۆسیەی ئۆکراینا لەبەرژەوەندیی واشنتندا نییە، چونکە ئەو کارەی ئەمریکا لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ کیێڤ کردوویەتی، "بە تەواوی لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی یەکدەگرێتەوە".
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریشیدا، لەوەی ئەگەر ڤیلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا نەوەستێنرێت، "بێگومان هێرش دەکاتە سەر مۆڵدۆڤا و رەنگە دوورتریش تاوەکو دەگاتە رۆمانیا".
ئەوەشی وت، "ئەگەر واشنتن رازیبێت بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بە ئۆکراینا بدات، رێککەوتنی ئاگربەست واژۆ بکات، لە هەمان رۆژدا توانای بەرپەرچدانەوەی جیۆستراتیجیی رووسیا و چین و ئەوانی دیکە لەدەستدەدات".
دوێنێ هەینی 28ی شوباتی 2025، لە نووسینگەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی شەڕە قسە لەنێوان ترەمپ و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا روویدا و بەمەش ئاڕاستەی رێککەوتن لەنێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا گۆڕا و نەگەیشتنە رێککەوتن.
PM:11:37:01/03/2025
ئهم بابهته 1092
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت