یه‌كه‌م لێدوانی زێلێنسكی دوای ئه‌وه‌ی داوای لێكرا، داوای لێبوردن له تره‌مپ بكات
وێستگه‌نیوز-
دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای لێ‌كرد داوای لێبووردن بكات، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند كه داوای لێبوردن له دۆناڵد تره‌مپ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی ناكات، ده‌شڵێت: "ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا باش بكرێته‌وه".
زێلێنسكی له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فۆكس نیوز كه ئێواره‌ی هه‌ینی به‌كاتی ئه‌مریكا په‌خشكرا وتی: "رێز له سه‌رۆك (تره‌مپ) و گه‌لی ئه‌مریكا ده‌گرم".
كاتێك پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه پرسیاری له زێلێنسكی كرد كه ئایا ئاماده‌یه داوای لێبوردن له تره‌مپ بكات، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له وه‌ڵامدا وتی: "پێموایه پێویسته زۆر كراوه و ڕاستگۆ بین، و پێموانییه هیچ شتێكی خراپمان كردبێت".
زێلێنسكی كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن روسیاوه هێرشی كرایه‌سه‌ر و به‌شێكی داگیركرا، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "كه‌س له ئێمه زیاتر نایه‌وێت كۆتایی به شه‌ڕه‌كه بهێنێت".
كاتێكی دواتر ماركۆ ڕوبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له سه‌رۆكی ئۆكرانیا كرد داوای لێبوردن بكات.
ڕوبیۆ به سی ئێن ئێنی وت كه پێویسته سه‌رۆكی ئۆكرانیا "داوای لێبوردن بكات كه كاته‌كانی به‌فیڕۆداین بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه به‌م شێوه‌یه كۆتایی پێده‌هات".
سه‌رۆكی ئۆكرانیا پێی وایه په‌یوه‌ندییه‌كانی كیێڤ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا "بێگومان" ده‌كرێت ڕزگار بكرێت و وتی: "بێگومان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كرێت چاك بكرێته‌وه، چونكه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له سنووری ئه‌و دوو سه‌رۆكه تێده‌په‌ڕن، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و مێژوویی نێوان گه‌له‌كانمانن".
راشیگه‌یاند كه نایه‌وێت ئه‌مریكا وه‌ك هاوبه‌شێك له‌ده‌ست بدات و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌یه‌وێت تره‌مپ "زیاتر له به‌ره‌ی ئێمه بێت" له دانوستانه‌كاندا بۆ كۆتاییهێنان به ململانێكان.
PM:12:23:01/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 4840
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت