ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: فەرمانی دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع دروستکراو و ساختەیە
وێستگەنیوز_
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: نوسراوێک بڵاوبووەتەوە کە گوایە فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع دەرکراوە، ئەو نوسراوە ساختەیە و هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نەدراوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 26ـی 2ـى 2025، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "ناوەندى راگەیاندنى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری چەند فەرمانێکى دەستگیرکردنى بەدیکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاوکراونەتەوە، گوایە لەلایەن دادگاکانى لێکۆڵینەوەوە دەرکراون، لە دواى پەیوەندیکردن بەو دادگایانەوە دەرکەوتووە؛ ساختە و ناڕاستن."
ئەو نوسراوانەی بڵاوبوونەتەوە چەند فەرمانێکی دادوەرییە کە، تایبەتن بە دەستگیرکردنى هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر و جۆ ویڵسن، ئەندامى کۆماریی ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا.
لە بەرامبەر بڵاوکردنەوە ئەم "پروپاگەندانە"، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق هۆشدارىی داوە لەوەى؛ هەرکەسێک لە پشت ئەو "هەڵسوکەوتە نایاساییانە بێت، رێوشوێنى یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر."
هاوکات، نوسراوەکان بەرواری 25ـی 2ـى 2025ـیان لەسەرە، نووسراوەکەى سەرۆکی ئەمریکاش گوایە لە ساڵى 2021 دەرکراوە.


AM:09:01:27/02/2025
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت