کۆشکی سپی: دواخستنی ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان وەڵامێکی گونجاوە بۆ حەماس


وێستگەنیوز_

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، دواخستنی ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیل وەڵامێکی بەجێیە بۆ حەماس.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، کۆشکی سپی ئەمریکا پشتگیریی بڕیاری ئیسرائیل دەکات کە ئازادکردنی 600 زیندانیی حەماسی دواخست.

لەو بارەیەوە برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند "دواخستنی ئازادکردنی زیندانییەکان، وەڵامێکی بەجێیە لەبەرامبەر ئەو مامەڵەی حەماس کە لە گەڕی حەوتەمی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، لەگەڵ بارمتەکاندا کردی."

دووپاتیشیکردەوە، "دۆناڵد ترەمپ، بە هەموو شێوەیک پشتگیریی ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر حەماسدا."

رۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025، حەماس لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، بەڵام لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە بیانوی ئەوەی حەماس مامەلەی نادروست لەگەڵ دیلە ئیسرائیلییەکاندا دەکات، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاری دا ئازادکردنی 600 زیندانییانی فەڵەستینی دوا بخات.

لای خۆشیەوە، عیزەت ڕشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، یەکشەممە، 23ـی 2ـی 2025، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە "ئەم بڕیارە جارێکی دیکە خۆدزینەوەکانی لایەنی ئیسرائیلی لە ئەرکەکانی ئاشکرا دەکات."


PM:12:13:24/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت