هەلبژاردنی ئەڵمانیا بەردەوامە و زیاتر لە 59 ملیۆن ئەڵمانی مافی دەنگدانیان هەیە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی ئەمرۆ دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی ئەڵمانیا (10:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) کرایەوە، ئەوە ئاشکرا کرا کە زیاتر لە 59 ملیۆن ئەڵمانی مافی دەنگدانیان هەیە. 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 59 ملیۆن ئەڵمانی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ یەکشەممە 23ـی شوبات هەیە بۆ هەڵبژاردنی 630 کورسی پەرلەمان. زیاتر لە 30 ملیۆن لە دەنگدەران ئافرەتن و 28.6 ملیۆنیش دەنگدەری پیاون، هەروەها 2.3 ملیۆن ئەڵمانی یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن. 
 
میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن، هەتا نیوەڕۆی ئەمرۆ، نزیکەی 30٪ـی دەنگدەران هێشتا خۆیان یەکلانەکردووەتەوە دەنگ بە چی لایەنێک دەدەن. 
 
لە بانگەشەکاندا، فرێدریک مێرتز، کاندیدی سەرەکی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کە پارتێکی پارێزگارە، بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڵێنی دا رێکاری تووند بگرێتەبەر بەرامبەر راستڕەوەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی راستڕەوی تووندڕەوی دژە کۆچبەر پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (ئەی ئێف دی)، دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت و بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران داوە.   
 
ناوبراو پێشتر رایگەیاندووە لە ئەگەری بردنەوەی پارتەکەی، ئەوا ئەڵمانیا دەنگێکی بەهێزتری لە ئەورووپا دەبێت و دەڵێت: "دەبێت لەمەودوا ئاسایشی ئەورووپا بەدەست ئەورووپییەکان بێت، چونکە چیدیکە پشتگیرییەکانی ئەمریکا گەرەنتی نین." 
 
هەروەها ئەو سەرکردەیەی پارتی CDU، بەڵێنی دا، سنوورەکانی ئەڵمانیا بەڕووی کۆچبەراندا تووندتر بکات و ئابووری وڵاتەکەشی زیندوو بکاتەوە. 
 
هاوکات، ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە بۆ ئەڵمانیا کە خاوەنی گەورەترین ئابووری ئەورووپایە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کیشوەرە و ئەمریکا لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بەرەو لاوازیی دەچێت، بەتایبەتی لەبارەی ستراتیژییەتی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکرانیا و کۆتاییهێنان بەو جەنگە سێ ساڵییە. 


PM:04:46:23/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت