وەزیری دادی تورکیا: پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ پەکەکەیە، نەک حکومەتی تورکیا


وێستگەنیوز-

وەزیری دادی تورکیا ئاشکرای دەکات، پەیامە چاوەڕواننەکراوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پەکەکەیە، نەوەک حکومەتی تورکیا، ئاماژە بەوەشدەکات، دەمانەوێت لە دەستپێکی نوێی 100 ساڵەی تورکیادا بە دەستوورێکی دیموکراسی و مەدەنی بەردەوام بین.


ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "ئەو پەیامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە بڵاویدەکاتەوە بۆ پەکەکەیە، نەوەک حکومەتی تورکیا".

وەزیری دادای تورکیا ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەگەر بانگەوازی کۆتاییهێنان بە تیرۆر بکرێت، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە دەکرێت".

لەبارەی دەستووری تورکیاوە وەزیری دادی ئەو وڵاتە وتی، "دەمانەوێت لە دەستپێکی نوێی 100 ساڵەی تورکیادا بە دەستوورێکی دیموکراسی و مەدەنی بەردەوام بین. پشت بە خودا ئەمە لە پەرلەمان دەستەبەردەکرێت".

تونج لەبارەی ئەگەری سەردانی سێیەمی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی وتی، ''تاوەکو ئێستا داواکاری پێشکێش نەکراوە. ئەگەر داواکاری پێشکێشبکرێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین''.

راشیگەیاند، "تورکیا بەدرێژایی 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و لەو ماوەیەدا بە تریلیۆنەها دۆلار زیانی مادییان هەبووە و چەندین سەربازی وڵاتەکەشی کوژراون".

وتیشی، "تورکیا لەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە پرسی کورد دەستیانپێکردووە، هیچ بەرژەوەندییەکی نییە، بەڵکو ئامانجی ئێمە، تورکیایەکی بێ تیرۆرە، هەوڵی ئێمە، بۆ لەنێوبردنی هەموو جۆرێکی تیرۆرە''.

وەزیری دادی تورکیا لەبارەی شێوازی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە باسی لەوە کرد، ''بەپێی یاسای ئێمە زیندانیکراوان ناتوانن پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوبکەنەوە، وڵاتەکەمان شتێک ناکات ببێتە هۆی ئازاردانی هەستی کەسوکاری شەهیدانمان''.







PM:01:14:23/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت