ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێوەبەری نوێی FBI هەڵبژارد


وێستگەنیوز_AFP

سەرەڕای رەخنەگرتنێکی توندی دیموکراتەکان، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی کۆمارییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە کاش پاتێل’ـی وەک بەڕێوەبەری نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی-FBI هەڵبژارد.

لە کۆی 100 سیناتۆر، 51 دانەیان دەنگیان بە هەڵبژاردنی پاتێل وەک بەڕێوەبەری FBI داوە، 49 سیناتۆریش دەنگی نەخێریان دا، کە لە نێویاندا دوو ژنی کۆمارییەکان هەیە. 

پاتێلی بە رەگەز هیندی؛ تەمەن 44 ساڵ، داواکاری گشتی پێشووی فیدراڵییە، لایەنگرێکی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە و ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی دیموکراتەکان بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی بەرگریکردنی لە ئاژاوەگێڕییەکەی کاپیتوڵ و پشتگیریکردنی ڕابردووی لە بزووتنەوەی QAnon کە باوەڕیان بە تیۆرییە توندڕەوەکان هەیە.

پاتێل دوای ماوەیەکی کەم لە دەستنیشانکردنی لە سۆشیال میدیادا وتی: "گەلی ئەمریکا شایەنی ئەوەیە FBI شەفاف و چاودێر بێت و پابەند بێت بە دادپەروەرییەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەرکی من وەک بەڕێوەبەر ڕوونە: "گەڕاندنەوەی متمانە بە FBI".

دیک دوربین، سیناتۆری دیموکراتەکان هێرشی کردە سەر پاتێل و بە "توندڕەوێکی سیاسی مەترسیدار" ناوی برد، دوای ئەوەی پێشتر دەستبەکاربوونی بە "کارەساتێکی سیاسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی" ناوبرد.

ئەو سیناتۆرە دەڵێت: ئەو نیازی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ بەکارهێنانی 'پۆلیسی فیدراڵی' بۆ تۆڵەسەندنەوەی ورد لە دوژمنە سیاسییەکانی.


AM:10:06:21/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت