وەزیری دەرەوەی رووسیا: زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتین و ترەمپ دەکەین
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایدەگەیەنێت، زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی پوتین و ترەمپ دەکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، گوێمان لە یەک نەگرت، بەڵکو بۆ یەکتری بێدەنگ بووین.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی شوباتی 2025، شاندی رووسیا بە سەرۆکایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی ئەمەریکی، باسمان لە چالاککردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کرد، هاوکات باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕێگەکانی گەیشتن بە چارەسەری کێشەی ئۆکرانیا کرد، هەروەها رێککەوتین زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی هاوکارییەکان بڕەخسێنین، سەرباری زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتین و ترەمپ".
ئەوەشی خستەڕوو، "بەڕوونی بە ئەمەریکامان گوت، ڕێگە بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ناتۆ لەژێر ئاڵای ئەوروپا نادەین و پێمان گوتن، فراوانبوونی ناتۆ هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر رووسیا".
لاڤرۆڤ وتی، "کۆبوونەوەکە بەرهەمداربوو، گوێمان لە یەک نەگرت، بەڵکو بۆ یەکتری بێدەنگ بووین، پێم وایە لایەنی ئەمەریکا تێگەیشتنێکی باشتری بۆ هەڵوێستەکانی رووسیا هەیە".
وتیشی، "هەردوو لایەنی رووسی و ئەمەریکی بەشێوەیەکی گشتی گرنگیان بە لابردنی بەربەستە ئابوورییەکان کرد، ئەو سزا ئابوورییانەی ئەوروپا خستۆتیە سەر ڕووسیا بەهۆی جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا، هاوکات دووپاتمان لە هەماهەنگی ئابووری بۆ بەرژەوەندیی هەردوولا کردەوە".
هەروەها مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، "رێککەوتین بەرژەوەندی یەکتری لەبەر چاو بگرین، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمەریکا دووپاتیان کردەوە لەوەی پێویستە باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتی یەکدی چالاک بکەنەوە بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەربگرێت".
PM:07:49:18/02/2025
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت