سەرۆکی ئۆکراینا: گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی شوباتی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا لەبارەی پەیوەندییەکەیان زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیاند، "بە تەلەفۆن گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و باسمان لە بەدیهێنانی ئاشتی کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە درێژی باسی دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی ئاشتیمان کرد، گفتوگۆمان لەسەر ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن لەسەر ئاستی تیم کرد، من سوپاسگوزاری سەرۆک ترەمپم بۆ ئەوە خواستەی هەیەتی".

زیلینسکی دەڵێت، "هیچ لایەنێک هێندەی ئۆکراینا ئاشتی ناوێت، پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا هەنگاوەکانی داهاتوو دەنێین بۆ راگرتنی دووژمنکارییەکانی رووسیا، هەروەها دڵنیابوونەوە لە ئاشتییەکی باوەڕپێکراو و درێژ هەروەک سەرۆک ترەمپ وتی، با بیکەین".

سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت، "رێککەوتین لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانمان درێژە پێبدەین و پلانی کۆبوونەوە دابنێین".

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی لە تروس سۆشیال رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیاوە ئەنجام داوە".


PM:10:56:12/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت