حەماس: لە چوارچێوەی ئاگربەستی غەززە سوپای ئیسرائیل بەتەواوەتی لە رێڕەوی نەتساریم کشاوەتەوە


وێستگەنیوز_

بزووتنەوەی حەماس ئاشکرایکردووە، لە چوارچێوەی ئاگربەستی غەززە، سوپای ئیسرائیل بەتەواوەتی لە رێڕەوی نەتساریم کشاوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی 2ـی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەکانیان بەجێهێشتووە و بەتەواوەتی لە رێڕەوی نەتساریم لە رێگەی سەڵاحەدین کشاونەتەوە، ئێستاش ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن بە هەردوو ئاڕاستەی شەقامەکە تێپەڕببن.

پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە رێڕەوی نەتساریم پاش رۆژێک لە ئەنجامدانی پێنجەمین قۆناغی ئاڵوگۆری بارمتەکانی ئیسرائیل دێت کاتێک بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتەی بەرامبەر 183 راگیراوی فەڵەستینی ئازادکرد.

هەفتەی رابردووش، بەرپرسێکی باڵای حەماس رایگەیاندبوو، پاش پێنجەمین پرۆسەی رادەستکردنی بارمتەکان، بەگوێرەی ئاگربەست بێت، سوپای ئیسرائیل لە شەقامی سەڵاحەدین دەکشێتەوە.

رێڕەوی نەتساریم، کەرتی غەززە دەکات بە دوو بەشەوە و لەساڵی 2023 ەوە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، دەکەوێتە شاری غەززە و سنووری لەگەڵ ئیسرائیل درێژدەبێتەوە.


PM:04:38:09/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت