ئه‌مریكا: بوونی حزبوڵا له حكومه‌تی داهاتووی لوبنان هێڵی سووره
مۆرگن ئۆرتاگوس جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
وێستگه‌نیوز-
مۆرگن ئۆرتاگوس جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رایگه‌یاند كه بوونی حزبوڵا له حكومه‌تی داهاتووی لوبنان بۆ واشنتۆن هێڵی سووره.
ئۆرتاگوس رۆژی هه‌ینی له لوبنان وتی: "ئه‌مریكا هێڵێكی سووری داناوه له‌سه‌ر به‌شداریكردنی گروپی چه‌كداریی حزبوڵای شیعه له حكومه‌تی داهاتووی لوبناندا.
ئۆرتاگوس یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵای ئه‌مریكایه سه‌ردانی لوبنان بكات له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ و هه‌ڵبژاردنی جۆزیف عه‌ون وه‌كو سه‌رۆكی لوبنان.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆرتاگوس له كاتێكدایه كه پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له لوبنان چه‌قی به‌ستووه، له كاتێكدا كه پۆسته‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر هێڵی تائیفی دابه‌ش ده‌كرێن. حزبی ئه‌مه‌لی هاوپه‌یمانی حزبوڵا سووره له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی سه‌رجه‌م وه‌زیره شیعه‌كان، ئه‌وه‌ش وایكردووه پڕۆسه‌كه چه‌ق ببه‌ستێت.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لوبناندا، ئۆرتاگوس وتی: "له حزبوڵا ناترسین چونكه له رووی سه‌ربازییه‌وه شكستیان هێناوه." ئه‌وه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ی ساڵی رابردووی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی لێده‌كرێت.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه "هێڵی سووری روون و ئاشكرامان له ئه‌مریكاوه داناوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حزبوڵا نه‌توانن گه‌لی لوبنان تیرۆر بكه‌ن، به ئه‌ندامێتیشییانه‌وه له حكومه‌تدا".
AM:09:44:08/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 260
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت