حه‌ماس ناوی ئه‌و بارمته‌ ئیسرائیلییانه‌ی‌ ئاشكرا كرد كه‌ سبه‌ی ئازاد ده‌كرێن


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئه‌بو عوبێده‌، وته‌بێژی كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام باڵی‌ سه‌ربازیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ ناوی ئه‌و بارمته‌ ئیسرائیلییانه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی شه‌ممه‌، له‌ وه‌جبه‌ی چواره‌می ئاڵوگۆڕی دیله‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، ئازاد بكرێن.


ئه‌بو عوبێده‌ وتی‌: "ئه‌و زیندانیانه‌ی ئیسرائیل كه‌ سبه‌ی ئازاد ده‌كرێن بریتین له‌ عۆفه‌ر كالدرۆن، كیس شمۆنسێل سیگال و یاردن بیباس، كه‌ به‌ساڵاچوو و نه‌خۆشن".

له‌به‌رامبه‌ردا رادیۆی سوپای ئیسرائیل به‌پشتبه‌ستن به‌ نووسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆ كوه‌زیرانی ئیسرائیل، پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ ته‌لئه‌بیب لیستی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی پێگه‌یشتووه‌ كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ غه‌ززه‌ ئازاد بكرێن، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ژیاندان.

ده‌سته‌ی‌ په‌خشی ئیسرائیل له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لیستی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت سبه‌ی ئازاد بكرێن، جێگه‌ی قبوڵكردنی حكومه‌تی ئیسرائیله‌.

كه‌ناڵی 12 ئیسرائیل به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، پێشبینی ده‌كرێت ئازادكردنی زیندانییه‌كان له‌ كاتژمێره‌كانی به‌یانی ده‌ستپێبكات، وه‌ك رابردوو.

له‌ به‌رامبه‌ردا نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی زیندانیانی‌ فه‌له‌ستینی‌ رایگه‌یاند كه‌ "رۆژی شه‌ممه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیركه‌ر 9 زیندانی كه‌ سزای هه‌تاهه‌تایییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و 81 زیندانی كه‌ سزای درێژخایه‌نیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، وه‌ك به‌شێك له‌ وه‌جبه‌ی چواره‌م له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئیسرائیلی ئازاد ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ناویان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ فه‌له‌ستین 3 بارمته‌ی‌ ئیسرائیلیان ئازاد كرد، كه‌ دوو ژن و پیاوێكی به‌ساڵاچوو بوون، له‌ به‌رامبه‌ردا 110 به‌ندكراوی فه‌له‌ستینییان ئازاد كرد.


PM:02:43:31/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت