سەلوان مۆمیکا.. لە دامەزراندنی گروپی چەکدار و ململانێی ڕەیان کلدانییەوە بۆ سوتاندنی قورئان


وێستگەنیوز_

سەلوان مۆمیکا ئەو گەنجەی لە موسڵ لە دایک بوو، گروپی چەکداری دامەزراند و بەهۆی ململانێ لەگەڵ ڕەیان کلدانی عێراقی بەجێهشت، دوای سوتاندنی قورئان، لە سوید کوژرا. 

ناوی تەواوی سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە، 23ـی حوزەیرانی 1986، لە شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیان نشینی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە دایک بووە.

ئەم گەنجە عێراقییە، خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.

سەلوان جارێک هاوسەرگیری کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و دواتریش بڕیاریداوە هاوسەرگیری نەکاتەوە. 

ئەم گەنجە دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، ئەگەرچی هیچ پاشخانێکی سیاسی ئەو تۆی نەبوو، بەڵام دوای سەرهەڵدانی داعش گروپی چەکداری درووستکرد. 

سەلوان مۆمیکا لە ساڵانی 2016 و2017 گروپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراند، بەڵام سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ساڵی 2017 بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابیلۆن عێراقی بەرەو سوید جێهشتووە. 

سەلوان لەگەڵ چوونی بۆ ئەوروپا، سوید مافی پەنابەری پێبەخشی و لەو وڵاتە مایەوە، لەگەڵ مانەوەی لەو وڵاتە جارێکی دیکە دەستی بەکاری سیاسی کردەوە و بووە ئەندامی پارتی دیموکراتەکانی سوید. 

ڕۆژی 28ـی حوزەیرانی 2023، سەلوان مۆمیکا لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆپییەکی قورئانی سوتاند، دواتر سێ جاری دیکە دووبارەی کردەوە.

رەفتارەکەی سەلوان جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت ئەوروپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێبهێڵێت.  
 
دوای سوتاندنی قورئان، عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی لە سوید کرد، بەڵام سوید پابەندی داواکارییەکەی عێراق نەبوو.

ئەگەرچی بڕیار بوو، سوید مافی پەنابەرێتی لە سەلوان مۆمیکا وەربگرێتەوە و ناوبراو ڕوبکاتە نەرویج، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. 

ڕۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، میدیاکانی سوید هەواڵی کوژرانی سەلوان مۆمیکایان بڵاوکردەوە و دواتر پۆلیسی سوید پشتراستی کردەوە کە ناوبراو لە پەخشی ڕاستەوخۆی تیکتۆک کوژراوە. 

سەلوان لە دوایین ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاویکردوەتەوە، جەختی کردەوەتەوە کە پەشیمان نییە لە کارەکانی ڕابردوو لەناویاندا سوتاندنی کۆپییەکانی قورئان.


PM:03:24:30/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت