میدیای سوید: سەلوان مۆمیکا کوژرا


وێستگەنیوز_

کەناڵی ئێس تیڤیی سویدی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو کە دەکاتە چوارشەممە 29ـی 1ـی 2025، تەرمی سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی چەند جارێک کۆپی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، بە کوژراوی لەنێو ماڵەکەیدا  دۆزراوەتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتی SVT، دوای کاتژمێر 11:00ـی شەو، پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، پاش ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە.
 
هاوکات ماڵپەری "سوید 24"  ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو بووە، کەسێک چووەتە نێو شوقەی سەلوان مۆمیکا، دەستڕێژیی گولـلەی لێکردووە و دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، مردووە.

دانیێل ڤیکداڵ، وتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم رایگەیاندووە، "لە شوقەیەکدا پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ دۆزرایەوە، کە تەقەی لێکرابوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە."
 
پۆلیسی ستۆکهۆڵم تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، قوربانییەکە سەلوان مۆمیکایە، ئێستا لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی سویدیش (سێپۆ) سەقاڵی لێکۆڵینەوەن.
 
دەوترێت، ئەو کەسەی کوژراوە، لە کاتی رووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆ (لایڤ) بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. ڤیکداڵ دەڵێت کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە.
 
هەروەها رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی بڵاوی کردووتەوە، سەلوان مۆمیکا دوێنێ شەو لە شووقەیەک دا لە شاری سۆدێرتێلیەی سوید کوژرا.
 
گابریێل ڤێرنستێد، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوێد (سێپۆ) رایگەیاند "ناتوانین هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم رووداوە بدەین، چونکە کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت." 
 
سەلوان مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.
 
بڕیارە ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11:00ـی بەیانی، دادگای ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی هاندان دژی گرووپێکی ئایینی بدات، کە دژی مۆمیکا و هاوڕێکەی سەلوان نەجم تۆمار کرابوو.


AM:10:57:30/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت