سوودانی: پێویستە بۆ تەواوکردنی پلانەکانی گەشەپێدان هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکرێت


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 29ـی 1ـی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد، بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی راگەیاند، پێویستە پەرلەمان هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات. هەروەها، گەڕانەوەی تەواوی داهاتە نەوتی و گازییەکان بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەتی ناوەندی بەبێ هیچ لێبڕینێک.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی 1ـی 2025، نووسینگەی سوودانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا بەرنامەی حکومی و گرنگیی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەت لە تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان تاوتوێ کران، کە پەیوەندییی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە. پاشان گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنیەتیی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەشەپێدەرەکان.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بەرنامەی حکومی، باسی ئەو هەموارکردنە کرا کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش کراوە. 
 
نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، سوودانی جەختی لە پابەندبوون بەو دەقە کردووەتەوە، کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی ژمارە 45 لە 5ـی تشرینی دووەمی رابردوو پەسەندکراوە.
 
هەروەها لە نووسراوی نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان ژمارە 15، کە لە 23ی کانوونی دووەمدا نێردراوە بۆ  پەرلەمان، ئاماژەی پێدراوە، هەمان ئەو دەقەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانیشدا دەنگی لەسەر دراوە.
 
سوودانی رایگەیاندووە، پێویستە پەرلەمان ئەم هەموارکردنە بێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، ئەوەش بۆ تەواوکردنی پلانەکانی گەشەپێدان، بەپێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق و ئەو دیدگایەی لەلایەن بەرنامەی حکومییەوە پەسەند کراوە.
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە لای خۆیانەوە، "سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکانی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ پەسەندکردنی دەقی حکومیی نێردراو لە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دەربڕیوە و جەختیان لەسەر پشتیوانیی پلان و بەرنامەکانی حکومەت کردەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکدا بەدیبهێنێت."
 
بڕیار بوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دواخرا.
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
هاوکات، چەند سەرچاوەیەکی میدیایی باس لەوە دەکەن، پێشبینی دەکرێت "لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بە هەموارەکە بدرێت."


AM:10:44:30/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو