ئه‌حمه‌د شه‌رع وه‌ك سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ر له‌ سوریا دیاریكرا


وێستگه‌نیوز-

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌نی وته‌بێژی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان، راسپاردنی ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رعی وه‌ك سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ر له‌ سوریا و كاركردن به‌ ده‌ستووری پێشووی سوریای راگه‌یاند.

حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌نی وتی‌: "ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكایه‌تی وڵات ده‌كات له‌ قۆناغی راگوزه‌ردا و ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆكی كۆمار به‌جێده‌هێنێت و له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی سوریا ده‌كات ".

وتیشی: "بڕیاردرا كاركردن به‌ ده‌ستووری‌ ساڵی‌ 2012 و یاسا تایبه‌تییه‌كان رابگیرێت".

ئاشكراشیكرد كه‌ "هاوكات بڕیاردراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لی‌ سوریا و سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی‌ و دیاریكردنی‌ رۆژی‌ 8ی‌ كانوونی‌ دووه‌م وه‌ك رۆژێكی‌ نیشتمانی‌".

وتیشی‌: "لێره‌وه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای سوریا و سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ رژێمی‌ پێشوو و سه‌رجه‌م گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نیشتمانی، راده‌گه‌یه‌نین".

حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌نی ئاشكراشیكرد كه‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع راسپێردراوه‌ به‌ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی كاتی یاسادانان بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر كه‌ تا په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی و كارپێكردنی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كه‌ی‌.

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌موو گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و ئۆرگانه‌ سیاسییه‌ شۆڕشگێڕ و مه‌ده‌نییه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ده‌كرێن".

ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "حزبی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی ئیشتراكی‌ و پارته‌كانی به‌ره‌ی پێشكه‌وتنخوازی نیشتمانی و هه‌موو رێكخراو و داموده‌زگا و لیژنه‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌".

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ له‌ میانه‌ی چالاكییه‌كانی كۆنفرانسی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی سوریا، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئیداره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان هات.

پێشتر شه‌رع له‌ وتارێكدا له‌ میانی كۆنفرانسه‌كه‌دا وتی: "ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك سوریا پێویستی پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا ئیراده‌مان هه‌بوو بۆ ڕزگاركردنی، بڕیارمان هه‌بێت بۆ بنیاتنانی و گه‌شه‌پێدانی".

وتیشی: "كاری‌ له‌پێشینه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ سوریا پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و بنیاتنانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌".

ئه‌حمه‌د شه‌رع راشیگه‌یاند كه‌ "كارده‌كه‌ین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی‌ ئابووری گه‌شه‌سه‌ندوو و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی بۆ سوریا".



PM:09:52:29/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو