حه‌ماس واده‌ی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌ربیل یه‌هود و دوو بارمته‌ی‌ تری‌ راگه‌یاند

‌ئه‌بو عوبێده‌، وته‌بێژی سه‌ربازی كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام

وێستگه‌نیوز-
كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام باڵی‌ سه‌ربازی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ واده‌ی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌ربیل یه‌هود و دوو بارمته‌ی‌ تری‌ ئیسرائیلی‌ راگه‌یاند، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ سبه‌ینێ‌ ئازاد ده‌كرێن.


ئه‌بو عوبێده‌، وته‌بێژی سه‌ربازی كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام له‌ ڕێگه‌ی تێلێگرامه‌وه‌ وتی: "له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی باهۆزی‌ ئه‌قسا بۆ ئاڵوگۆڕی دیله‌كان، كه‌تائیبی‌ قه‌سام بڕیاریدا سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ سێ‌ زیندانی زایۆنی ئازاد بكات".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و سێ‌ بارمته‌یه‌ی‌ بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ ئازاد بكرێن بریتین له‌ "ئه‌ربیل یه‌هود، ئاگام بێرگه‌ر و گادی موشێ موزس".

ئه‌ربیل یه‌هود ئه‌و خانمه‌ بارمته‌یه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل مكوڕه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌هۆیه‌وه‌ ناكۆكی له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست و ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس دروست بوو‌ و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی ئاگربه‌سته‌كه‌ بكات.

لای خۆیه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی زیندانیان رایگه‌یاند كه‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌، له‌ چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می رێككه‌وتنی ئاڵوگۆڕكردندا، 32 زیندانی كه‌ سزای هه‌تاهه‌تایییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، 48 زیندانی به‌ سزای زۆر و 30 به‌ندكراوی منداڵ ئازاد ده‌كرێن.

له‌ 19ی ئه‌م مانگه‌دا قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. به‌ نێوه‌ندگیری میسر و قه‌ته‌ر و ئه‌مریكا دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌م و دواتر قۆناغی سێیه‌م.


PM:09:00:29/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو