سه‌رایای‌ قودس سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ربیل یه‌هود بڕیاری‌ دا


وێستگه‌نیوز-
سه‌رایای‌ قودس باڵی‌ سه‌ربازی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ جیهادی‌ فه‌له‌ستینی‌ بڕیاری‌ دا ئه‌ربیل یه‌هود ئه‌و خانمه‌ بارمته‌یه‌ی‌ ئاسته‌نگی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ بۆ باكوور دروست كرد و حكومه‌تی‌ ئیسرائیل مكوڕه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌، ئازاد بكات.


دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ربیل یه‌هود له‌نێو ئه‌و زیندانییه‌ ژنانه‌دا نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ئازادكراون، رێگا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاواره‌ له‌ باشووری كه‌رتی غه‌ززه‌ بۆ باكوور نادات، سه‌رایای‌ قودس و لیواكانی‌ ناسر سه‌ڵاحه‌دین رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌و بارمته‌ ئیسرائیلییه‌ لای‌ ئه‌وانه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رایای‌ قودس و لیواكانی‌ ناسر سه‌ڵاحه‌دین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، رایانگه‌یاند كه‌ "ئه‌و خانمه‌ ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی‌ له‌لایه‌ن یه‌كه‌یه‌كی هاوبه‌شمانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون".

سه‌رایای‌ قودس، باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی دانوستانكاران و نێوه‌ندگیران (میسر، قه‌ته‌ر، و ئه‌مریكا) له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوون، ئه‌و خانمه‌ راده‌ستی لایه‌نی ئیسرائیل ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ نووسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌‌، ئیسرائیل رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوان بۆ به‌شی باكووری كه‌رتی غه‌ززه‌ نادات، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌ربیل یه‌هود ئازاد ده‌كرێت.

له‌به‌رامبه‌ردا حه‌ماس دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ نێوه‌ندگیرانی‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌ربیل یه‌هود له‌ ژیاندایه‌ و باری ته‌ندروستی باشه‌ و شه‌ممه‌ی داهاتوو ئازاد ده‌كرێت.

دوای لێدوانه‌كه‌ی حه‌ماس، كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ته‌لئه‌بیب "داوای به‌ڵگه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌ربێل یه‌هود له‌ ژیاندایه‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو ئازاد ده‌كرێت".

ئه‌ربیل یه‌هود كێیه‌؟

ئه‌ربیل خانمێكی‌ ئیسرائیلیه‌ و له‌ ئۆردووگای‌ نیشته‌جیبوونی‌ نیر ئۆز له‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌رتی غه‌ززه‌دا ده‌ژیا.

به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئیسرائیل، ئه‌ربیل له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌ناوی ئاریێل كۆنیۆ كه‌ ئه‌ویش له‌ ئۆردووگا ده‌ژیا، له‌ ناو ماڵه‌كه‌یدا رفێندراوه‌.


ئه‌ربیل وه‌ك راهێنه‌ری گه‌ڕان به‌ گه‌ردوون و زانای‌ فه‌له‌كناسی له‌ ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌ی ئه‌شكۆڵ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ غه‌ززه‌ كارده‌كات و میدیاكانی ئیسرائیلیش بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و لای‌ حه‌ماس نییه‌، به‌ڵكو لای‌ گرووپێكی‌ تری‌ فه‌له‌ستینییه‌كانه‌.

ناكۆكییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ گروپه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان، ئه‌ربیل به‌ كه‌سێكی‌ سه‌ربازی ده‌زانن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل ده‌ڵێت كه‌سێكی مه‌ده‌نییه‌.

رۆژنامه‌ی‌ یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاند كه‌ ناكۆكی له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسرائیل هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ لیستی ئه‌و ژنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه‌ی كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ئازاد ده‌كرێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ رێكخستنه‌كه‌دا مه‌رجی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ سه‌ره‌تا ژنانی مه‌ده‌نی‌ ئازاد بكرێن.


PM:05:23:26/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 16352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت