تره‌مپ 500 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ ژیریی‌ ده‌ستكرددا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ نوێی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا پڕۆژه‌یه‌كی نوێی‌ به‌ناوی‌ "ستارگه‌یت" بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ بواری ژیریی ده‌ستكرد AL به‌ بڕی 500 ملیار دۆلار راگه‌یاند.


چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م دوای‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ وه‌ك 47هه‌مین سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ پڕۆژه‌ی "ستارگه‌یت"ی بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ بواری ژیریی ده‌ستكرد.

پرۆژه‌ نوێكه‌ی‌ تره‌مپ له‌لایه‌ن سێ گه‌وره‌ كۆمپانیای (سۆفت بانك)ی ژاپۆنی، (ئۆراكل) و (ئۆپێن ئه‌ی ئای) جێبه‌جێ ده‌كرێت.
 تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كه‌ وتی‌: "وه‌به‌رهێنانی لانیكه‌م 500 ملیار دۆلار به‌ واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ به‌ تواناكانی ئه‌مریكا".

وتیشی‌: "پڕۆژه‌كه‌ ژێرخان بۆ پێشكه‌وتنه‌كانی داهاتووی ژیریی ده‌ستكرد بنیات ده‌نێت له‌ نێوانیاندا ئه‌و ناوه‌نده‌ زه‌به‌لاحانه‌ی داتا كه‌ پێویستن".

 له‌ قۆناغی‌ سه‌ره‌تادا، سێ كۆمپانیای ناوبراو 100 ملیار دۆلار له‌ ژێرخانی ژیریی ده‌ستكرد وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن و له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كانیان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ 500 ملیار دۆلار.

ئێواره‌ی پێش ده‌ستبه‌كاربوونیشی، ملینای هاوسه‌ری‌ دۆناڵد تره‌مپ دراوێكی ئه‌لیكترۆنی به‌ خه‌ڵك ناساند، ئێستا خێزانی تره‌مپ خاوه‌نی دوو دراوی ئه‌لیكترۆنین به‌ناوه‌كانی ($Trump cryptocurrency) و ($Melania cryptocurrency) كه‌ كۆی نرخی ئه‌م دوو دراوه‌  نزیكه‌ی 12 ملیار دۆلاره‌.


AM:12:05:23/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت