له‌سه‌ر ئاگره‌كه‌ی هۆتێله‌كه‌ی‌ توركیا 11 كه‌س ده‌ستگیركران


وێستگه‌نیوز-
له‌سه‌ر كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی شاری بۆلۆی رۆژئاوای توركیا كه‌ بووه‌هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی 79 كه‌س، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ 11 كه‌سیان ده‌ستگیركرد كه‌ دووانیان به‌رپرسن.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 22ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی بۆڵو و بە بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە، له‌سه‌ر كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ هۆتێله‌كه‌ 11 كه‌س ده‌ستگیر كران.

هەریەک لە سێدات گولەنلەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی و کێنان جۆشکون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆڵو بەوەکالەت، له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ لەسه‌ر دۆسیەی سووتانی هۆتێلەکەی شارۆچکەی کارتاڵ کایا دەستگیرکران.

كاتێكی‌ پێشتریش عه‌لی یه‌رلیكایا وه‌زیری ناوخۆی توركیا له‌ به‌رده‌م هۆتێلی گراند كارتال له‌ سه‌نته‌ری كارتالكایا رایگه‌یاند، "له‌ كۆی 52 قوربانی به‌ هاوكاری خێزانه‌كانیان ته‌رمی 45 قوربانی ڕاده‌ستی خێزانه‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌".

عه‌لی یه‌رلیكایا وتی‌: "هاوكات له‌ په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ری پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بۆ ده‌ستنیشانكردنی ته‌رمه‌كانی دیكه‌ ده‌كرێت".

وتیشی‌: "تا ئێستا هۆكاری ئاگره‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ دیاری نه‌كراوه‌، كاره‌كانی ساردكردنه‌وه‌ و گه‌ڕان و رووپێوی ته‌واو بووه‌".

پێشتر كه‌مال مه‌میشئۆغڵو وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا رایگه‌یاند كه‌ "نزیكه‌ی كاتژمێر 3:30 به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌، ئاگرێك له‌ نهۆمی چواره‌می‌ هۆتێلی گراند كارتال كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 79 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 51 كه‌سیش برینداربوون".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ 29 بریندار چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌كان ده‌رچوون، به‌ڵام تا ئێستا 22 بریندار چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت.


PM:08:31:22/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت