سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: هێشتا مه‌ترسی دابه‌شبوونی سوریا هه‌یه‌


وێستگه‌نیوز-

 سه‌ره‌ڕای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریا له‌ مانگی رابردوودا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له‌ مه‌ترسییه‌كانی دابه‌شبوونی‌ ئه‌و وڵاته‌ دووپاتكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی دابه‌شبوون له‌ سوریا هێشتا بوونی هه‌یه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ داڤۆس باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ دابه‌شكردنی سوریا هێشتا مومكینه‌، به‌تایبه‌تی به‌ بوونی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ ناوچه‌كانی به‌شی باكووری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی توركیا و ده‌ستدرێژیه‌كانی ئیسرائیل.

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وتیشی‌: "هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی توندڕه‌وی له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش پێی وابوو تاران ده‌بێ هه‌نگاو به‌ره‌و باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌مریكا بنێت به‌ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی چه‌كی ئه‌تۆمی نییه‌، وتیشی: "گرنگترین پرس ئێران و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئه‌مریكایه‌".

گۆتێرێس هیوای خۆی ده‌ربڕی كه‌ ئێرانییه‌كان درك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ گرنگه‌ نیازی خۆیان بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی چه‌كی ئه‌تۆمی روون بكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا  به‌ شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌دا دروست بكه‌ن.

هاوكات جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئیسرائیل هه‌ست بكات كه‌ ئه‌مه‌ ساتێكی گونجاوه‌ بۆ لكاندنی كه‌رتی رۆژئاوای‌ فه‌له‌ستین، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ به‌هۆی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی كه‌ ته‌لئه‌بیب له‌وێ ده‌ستیپێكرد دوای ئه‌وه‌ی ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دابه‌شكردنی سوریا به‌سه‌ر كانتۆنه‌كاندا

هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌ راپۆرتێكی ئیسرائیلیدا باس له‌وه‌ كرا كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی ئه‌نجام داوه‌ بۆ تاووتوێكردنی دۆخی‌ سوریا و كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ پێشنیاری ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دابه‌شكردنی سوریا به‌سه‌ر كانتۆنه‌كاندا كۆتایی هاتووه‌.



PM:06:19:22/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو