ترەمپ کۆتایی بە ئەرکی بریکارە نهێنییەکانی تایبەت بە پاراستنیی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی هێنا


وێستگەنیوز_ AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە بە کشاندنەوە و لابردنی ئەو بریکارە نهێنیانەی کە لە لایەن دەزگای هەواڵگرییەوە بۆ پاراستنی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ڕاسپێردرابوون و دەڵێت: "نابێت ئەمە بە درێژایی ژیان بەردەوام بێت." هەروەها بە درکاندنی زانیاریی هەستیار لە سەردەمی ئیدارەکەی تۆمەتباری دەکات.

جۆن بۆڵتنی تەمەن 76 ساڵ کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لەگەڵ ترەمپ کاریان کردووە و دەوترێت جارێک "ئامانجی ئێران بووە و هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە" سەبارەت بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بە تەواوی بێهیوا بووم، بەڵام سەرم نەسوڕماوە لە بڕیارێکی لەم جۆرە."

دەشڵێت: دادگا بڕیاری پاراستنی منی داوە، چونکە لە ساڵی 2022ـدا، دادگا تۆمەتی پیلانگێڕی دایە پاڵ "پلە باڵایەکی سوپای پاسدارانی ئێران، بە تۆمەتی ئەوەی کەسێکی راسپاردبوو بۆ کوشتنی من."

ئاماژەی بەوەشکردووە: هەڕەشەکە تا ئەمڕۆش هەر ماوەتەوە، بەڵگە هەیە تەنانەت لەم دواییانەدا کەسێک هەوڵی تیرۆرکردنی خودی ترەمپی دەدات. 

وتیشی: سەرەڕای ناڕارازیی بوونم و دژایەتیکردنم لەگەڵ سیاسەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی دیموکراتەکان، بەڵام ئەو لە ساڵی 2021ـدا بڕیاری درێژکردنەوەی پاراستنمی لە لایەن بریکارە نهێنییەکانەوە دا."

لە کۆتاییشدا دەڵێت: گەلی ئەمریکا دەتوانێت خۆی بڕیار بدات کە کام سەرۆک بڕیاری دروستی داوە.

لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەدا، ترەمپ لە کۆشکی سپی وتی: بۆڵتن کەسێكی "نەفام و گەمژە" بوو. "

وتیشی: ناکرێت بە درێژایی ژیان ئەفسەر و بریکار بۆ پاراستنی ژیانی کەسێک دابین بکرێت، بۆچی دەبێت ئەمە بکەین؟" 

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "پێم وابوو بۆڵتن کەسێکی زۆر گەمژەیە، بەڵام بەباشی بەکارم هێنا. هەر کاتێک دەهاتمە کۆشکی سپی و خەڵکی ئەویان لە پشتمەوە دەبینی، پێیانوابوو هێرش دەکاتە سەریان، چونکە جەنگاوەر بووە".

ترەمپ ئاشکرایکردووە، "بە بۆڵتنم وت چی تر کۆشکی سپی پێویستی بە تۆ نییە." 

سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە، کە "بۆڵتن لە کتێبێکیدا لە ساڵی 2020، زانیارییە هەستیارەکانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپی درکاندووە."


AM:09:48:22/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو