سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-

دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌ جێبه‌جێكردنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌، هێرزی هالێڤی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند.

شكسته‌كانی‌ 7ی‌ ئۆكتۆبه‌ر

هێرزی هالێڤی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی شكسته‌كانی سوپا و ئاسایش له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ردا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌و هێرشه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ غه‌ززه‌ ئه‌نجامی‌ دا و زیاتر له‌ هه‌زار و 140 كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی 12 ئیسرائیل، سه‌رۆكی ئه‌ركانی ده‌ست له‌كار كێشاوه‌ی‌ سوپای‌ ئیسرائیل، ڕۆژی 6ی ئازاری داهاتووی‌ وه‌ك واده‌ی كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركه‌كانی و ده‌ستبه‌رداربوونی‌ پۆسته‌كه‌ی له‌ سه‌ركردایه‌تی سوپای ئیسرائیل دیاریكردووه‌.

كه‌ناڵه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ناوبراو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ له‌ڕێی‌ نامه‌یه‌كی‌ فه‌رمییه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ ئیسرائیل كاتز، وه‌زیری به‌رگری و بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كردووه‌ و روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ژێر ڕۆشنایی هۆشیاریی خۆی له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانی دانراوه‌، داوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كارده‌كات بۆ ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ ناوخۆییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی سوپا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌ ئه‌منییه‌كان، هاوكات جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كارده‌كات بۆ راده‌ستكردنی فه‌رمانده‌یی به‌ جێنشینه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو، به‌تایبه‌تی كه‌ هێشتا هه‌موو ئامانجه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنراون.

هاوینی ڕابردوو یۆواڤ گالانت، وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئیسرائیل، داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمی كردبوو سه‌باره‌ت به‌ شكسته‌كانی ئیسرائیل له‌ هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ردا و رایگه‌یاندبوو، پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و و بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بكرێت.

به‌ڵام نه‌تانیاهۆ له‌و كاته‌دا ره‌تیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی روویانداوه‌ ئه‌نجامبدرێت. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌نها حكومه‌ت ده‌توانێت بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمی بدات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری فراوان بێت و ئه‌نجامه‌كانی گرنگی و قورسایی هه‌بێت.

ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دوای 15 مانگ شه‌ڕی وێرانكه‌ر، یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


PM:06:05:21/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو