تره‌مپ هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ كاركردنی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
47ه‌مین سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ وتاری‌ ده‌ستبه‌كاربونیدا هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ كاركردنی‌ راگه‌یاند، ده‌شڵێت: "له‌ تیرۆر رزگارم بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا گه‌وره‌ بكه‌مه‌وه‌".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ دوای‌ سوێندخواردنی‌ وه‌ك 47ه‌مین سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ وتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا ڕایگه‌یاند كه‌ "سه‌رده‌می زێڕینی ئه‌مریكا له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌ ئه‌مڕۆشه‌وه‌ هه‌مووان ڕێز له‌ وڵاته‌كه‌مان ده‌گرن و ڕێگه‌ ناده‌ین هیچ كه‌سێك ئیستغلالی بكات. له‌ تیرۆركردن رزگارم بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕزگاربكه‌م".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ "ئه‌مریكا پێگه‌ی خۆی وه‌ك گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌"، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی "هیچ لایه‌نێك ناتوانێت ئێمه‌ بترسێنێت".

تره‌مپ له‌ وتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا وتی: "به‌ متمانه‌ و گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی وڵات و گه‌شبینم كه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێی سه‌ركه‌وتنداین بۆ وڵاته‌كه‌مان. شه‌پۆلێكی‌ گۆڕانكاری‌ وڵات ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ په‌یامم بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ جارێكی تر به‌ بوێری و هێز و زیندووییه‌وه‌ كار بۆ مه‌زنترین شارستانیه‌تی له‌ مێژوودا بكه‌ین”.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "من شه‌ڕ ده‌كه‌م و سه‌رده‌كه‌وم بۆ ئه‌مریكییه‌كان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ گه‌لی ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قسه‌ی خۆی كردووه‌ و پشتگیری له‌ كارنامه‌كه‌ی كردووه‌.

ترامپ به‌ ئاماژه‌دان به‌ كاره‌ساتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی‌ لۆس ئه‌نجلۆس رایگه‌یاند كه‌ "ئێمه‌ رێگا به‌ كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا ناده‌ه‌ین".

وتیشی: "سه‌روه‌ری خۆمان ده‌پارێزین، ئاسایش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئیستغلالكردنی وه‌زاره‌تی داد وه‌ك چه‌كێكی سیاسی كۆتایی دێت".

تره‌مپ راشیگه‌یاند كه‌ میراته‌كه‌ی "ئاشتیسازی" ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی "وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ناڵی په‌نه‌ما"ی كرد، كه‌ پێیوایه‌ "ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی بێ مانا ده‌ستبه‌رداری‌ بوو".

تره‌مپ به‌ڵێنیدا "به‌ره‌نگاری بژارده‌ گه‌نده‌ڵ و ڕادیكاڵه‌كان ببێته‌وه‌"، روونیكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2024 گرنگترین هه‌ڵبژاردن بوو له‌ مێژووی ئه‌مریكادا".

تره‌مپ جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆچی نایاسایی به‌ باری نائاسایی نیشتمانی ده‌ناسێنێت و سه‌رباز ده‌نێرێت بۆ سنووری ئه‌مریكا و مه‌كسیك و سیاسه‌تی "له‌ مه‌كسیك بمێنه‌ره‌وه‌" ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

هاوكات تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌وڵده‌دات هه‌موو هاتنه‌ ژووره‌وه‌یه‌كی نایاسایی بۆ ئه‌مریكا رابگرێت و هه‌موو ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌چنه‌ وڵاته‌كه‌وه‌، ده‌ستگیر بكرێن.

تره‌مپ "باری نائاسایی له‌سه‌ر سنووری باشوور" له‌گه‌ڵ مه‌كسیك ڕاگه‌یاند و به‌ڵێنی‌ دا كه‌ "بانده‌كانی تاوانبار وه‌ك گروپی تیرۆریستی ڕابگه‌یه‌نێت" و "ناوی كه‌نداوی مه‌كسیك بگۆڕێت بۆ كه‌نداوی ئه‌مریكا".
تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌ستبه‌جێ باری نائاسایی نیشتمانی له‌ كه‌رتی وزه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵێنیشیدا یه‌ده‌گی ستراتیژی دروستبكات و وزه‌ هه‌نارده‌ بكات بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان.

تره‌مپ له‌ وتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا زیادی كرد: "جارێكی دیكه‌ ده‌بینه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌م زێڕه‌ شله‌یه‌ی له‌ ژێر پێماندایه‌، یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ بكه‌ین".

سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا ئاشكراشیكرد كه‌ فه‌رمانی داوه‌ "گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت و گازدا چڕتر بكرێته‌وه‌"، هه‌روه‌ها "پیشه‌سازی ئۆتۆمبێلی ئه‌مریكا ڕزگاربكات".

هاوكات تره‌مپ رایگه‌یاند كه‌ سیاسه‌تی فه‌رمی ئه‌مریكا ته‌نها دان به‌ "ڕه‌گه‌زی نێر و مێ"دا ده‌نێت، وتیشی: "له‌ ئه‌مڕۆوه‌ سیاسه‌تی فه‌رمی حكومه‌تی ئه‌مریكا بریتی ده‌بێت له‌ داننان به‌ ته‌نها دوو ڕه‌گه‌ز، نێر و مێ".



PM:10:31:20/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو