ئەبو عوبەیدە: داوا لە هەموو ناوبژیوانان دەکەین ئیسرائیل پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست
وێستگەنیوز-
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی کانونی دووەمی 2025، ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی سەربازیی کەتیبەکانی قەسام (باڵی سەربازی حەماس) پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەبو عوبەیدە لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "471 ڕۆژ بەسەر شەڕی مێژوویی تۆفانی ئەقسادا تێپەڕی، کە بێگومان بزماری کۆتایی لە تابووتی داگیرکاری کاتیدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "قوربانیدان و ئەو خوێنە مەزنەی کە گەلەکەمان بەخشیویەتی بەفیڕۆ ناچێت و گەلەکەمان لە پێناو ئازادی و پیرۆزییەکانیدا قوربانی بێوێنەی داوە لە ماوەی 471 ڕۆژدا".
ئەوەشی خستەڕوو، "جەنگی تۆفانی ئەقسا لە سنوورەکانی غەززەوە دەستیپێکرد، بەڵام ناوچەکەی گۆڕی و هاوکێشەی نوێی خستە نێو ململانێکە لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا".
ئەبو عوبەیدە لە پەیامەکەیدا وتی، "هەموو هەوڵێکمان دا بۆ پاراستنی ژیانی دیلەکانی دوژمن، بەڵام ئیسرائیل زۆربەیانی کوشت".
وتیشی، "گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی دەستدرێژیی زایۆنیستەکان بۆ سەر گەلەکەمان بۆ چەندین مانگ ئامانجی ئێمە بووە و تەنانەت لە سەرەتای دەستدرێژییەکانەوە ئەو داخوازییەمان هەبووە".
ئەبو عوبەیدە جەختی لەوەکردەوە، "ئێمە پابەندبوونی تەواومان بە رێککەوتنی ئاگربەست رادەگەیەنین، لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو ئەمانە پەیوەستە بە پابەندبوونی دوژمنەوە".
ئەوەشی وت، "داوا لە هەموو ناوبژیوانان دەکەین ئیسرائیل پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست".
PM:07:49:19/01/2025
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت