ئاگربه‌سته‌كه‌ی‌ غه‌ززه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس لیستی ئه‌و سێ بارمه‌ته‌ ئیسرائیلییه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ ئازاد بكرێن، ئاگربه‌سته‌كه‌ی كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی كانوونی‌ دووه‌می 2025 ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ سوپای ئیسرائیل فه‌رمانی وه‌ستاندنی ته‌قه‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌ركرد.

لای خۆیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ناوی ئه‌و سێ ژنه‌ بارمته‌یه‌یان راده‌ستی ولاتانی‌ نێوه‌ندگیر كردووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئازاد ده‌كرێن، هاوكات داوای كرد كه‌ ناوبژیوانان لیستی ئه‌و زیندانییه‌ فه‌له‌ستینییانه‌ وه‌ربگرن كه‌ بڕیار بوو به‌ر له‌ ئازادكردنی ئه‌و بارمتانه‌ ئازاد بكرێن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌بو عوبه‌یده‌، وته‌بێژی فه‌رمی كه‌تیبه‌كانی‌ عیزه‌دین ئه‌لقه‌سام وته‌بێژی سه‌ربازی كه‌تیبه‌كانی‌ قه‌سام، باڵی‌ سه‌ربازی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنی "باهۆزی‌ ئه‌قسا" بۆ ئاڵوگۆڕی دیله‌كان، كه‌تائیبی‌ قه‌سام بڕیاریدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19-1-2025، ئه‌م زیندانیانه‌ زایۆنیستیانه‌ ئازاد بكه‌ن:

1- ڕۆمی جۆنین (24 ساڵ)

2- ئێمیلی دماری (28 ساڵ)

3- دۆرۆن شتانبه‌ر خێر (31 ساڵ)

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ نووسینگه‌ی بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو له‌ شه‌ودا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئه‌منیی ئه‌نجامداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنی وه‌رگرتنی لیستی ئه‌و زیندانیانه‌ی كه‌ له‌ غه‌ززه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مڕۆ ئازاد بكرێن.



PM:12:39:19/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو