ناتانیاهۆ: لیستی بارمته‌كانمان ده‌ستنه‌كه‌وێت، ئاگربه‌ست جێبه‌جێ ناكه‌ین


وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ بچێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گه‌ر لیستی‌ ئه‌و بارمتانه‌یان ده‌ست نه‌كه‌وێت كه‌ بڕیاره‌ ئازاد بكرێن، ئاگربه‌ست جێبه‌جێ ناكه‌ن.


بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا چه‌ند كاتژمێرێك پێش واده‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ حه‌ماس ڕایگه‌یاند تا ئێستا ئه‌و گرووپه‌ لیستی ئه‌و بارمتانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ ئازاد بكرێن، نه‌خستووه‌ته‌ڕوو. هۆشداریشیدا له‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌ ناكات تا ناوی ئه‌و بارمته‌یان پێ نه‌گات.

سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل وتی: "ته‌حه‌مولی پێشێلكاری ئاشكرای ئاگربه‌سته‌كه‌ ناكه‌ین و ته‌نها حه‌ماس به‌رپرسیاره‌ له‌و كاره‌".

به‌پێی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌سته‌كه‌، حه‌ماس پێویست بوو ناوی ئه‌و بارمتانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئازاد بكرێن، 24 كاتژمێر پێش ئازادكردنیان بخاته‌ڕوو.

هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی حكومه‌تی ئیسرائیل له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی تایمزی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند "تا ئێستا حه‌ماس ناوی ئه‌و بارمتانه‌ی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئازاد بكرێن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ داوای له‌ حكومه‌ته‌كانی میسر و قه‌ته‌ر كرد حه‌ماس ناچار بكه‌ن پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست بێت.

چه‌ند كاتژمێرێك پێش ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، سوپای ئیسرائیل ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی بۆ هه‌ر سیناریۆیه‌ك ڕاگه‌یاندووه‌.

سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئاگربه‌سته‌كه‌ كاتژمێر 8:30 به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات.


AM:08:31:19/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت