حزبوڵا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات: ئارامیمان تاقی‌ مه‌كه‌نه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-

نه‌عیم قاسم ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئارامیمان تاقی‌ مه‌كه‌نه‌وه‌"، راشیگه‌یاند كه‌ به‌رخۆدان له‌ لوبنان به‌ خۆڕاگری ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ پڕۆژه‌ی ئه‌مریكی – ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌ وتارێكی تۆماركراودا كه‌ له‌ میانی سێزده‌هه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ژێر ناوی "غه‌ززه‌، هێمای خۆڕاگری” كه‌ له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران به‌ڕێوه‌چوو، په‌خشكرا، نه‌عیم قاسم ئه‌مینداری‌ گشتی حزبوڵای لوبنان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "باهۆزی‌ ئه‌قسا” هه‌یبه‌تی‌ بۆ دۆزی فه‌له‌ستین گه‌ڕانده‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌كانی گه‌یشته‌ هه‌موو جیهان و بووه‌ هۆی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ گۆڕه‌پانی جیهانیدا، به‌ڵگه‌ش خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی رۆژئاوان.

نه‌عیم قاسم وتی‌: "ئیسرائیل سه‌دان پێشێلكاریی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی ئه‌نجامداوه‌، كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێت"، روو به‌ ئیسرائیل ده‌ڵێ كه‌ "ئارامیمان تاقی مه‌كه‌نه‌وه‌".

ئه‌مه‌ش گرنگترین وته‌كانی نه‌عیم قاسمه‌ له‌سه‌ر غه‌ززه‌:

* هێرشی‌ ئیسرائیل و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ پڕۆژه‌ی ئه‌وانه‌ بۆ فه‌له‌ستین، پڕۆژه‌كه‌یان پڕۆژه‌ی جینۆساید و سڕینه‌وه‌ی ناوی فه‌له‌ستینه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ جیهانی‌.

* گه‌لی تێكۆشه‌ر و شه‌ره‌فمه‌ندی فه‌له‌ستین، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی‌، جێی‌ شانازیی میلله‌تن، هێمای كه‌رامه‌ت و بنیاتنه‌ری‌ داهاتووی فه‌له‌ستینی ئازادكراون به‌ شاری‌ قودسیشه‌وه‌.

*خه‌باتكارانی به‌رخۆدان و گه‌لی فه‌له‌ستین پلانه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی ئیسرائیلیان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ و ئه‌و قوربانییه‌ مه‌زنانه‌ی كه‌ دایان و خۆڕاگری ئه‌فسانه‌ییان ئاماژه‌ن بۆ شایسته‌یی ئه‌م گه‌له‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌یان و ئه‌و توانایه‌شیان هه‌یه‌.

*قوربانییه‌كان زۆر گه‌وره‌ بوون؛ ئیسماعیل هه‌نیه‌ و یه‌حیا سینوار به‌رپرسانی مه‌كته‌بی سیاسی شه‌هید بوون، 160 هه‌زار كه‌سیش شه‌هید و بریندار بوون، به‌به‌رنامه‌ غه‌ززه‌ش وێران ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م قوربانیدانانه‌ بوون كه‌ پڕۆژه‌ گوناهباره‌كه‌ی راگرت و رێگری له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دۆزی فه‌له‌ستین كرد.

*پیرۆزه‌ له‌ گه‌لی فه‌له‌ستین، له‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌، له‌ خه‌باتكارانی به‌رخۆدان، بۆ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئایاری 2024ه‌ و نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ خۆڕاگریی به‌رخۆدان، و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یویست به‌ده‌ستی‌ هێنا و ئیسرائیلییه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌وه‌ی ده‌یانویست به‌ده‌ستی بهێنن.

*ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حزبوڵا له‌ لوبنان یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ سه‌ركه‌وتنی غه‌ززه‌ و گه‌نجانی به‌رخۆدان وه‌ك به‌ربه‌ستێكی به‌هێز له‌ به‌رامبه‌ر پێشڕه‌وی ئیسرائیلدا وه‌ستان. حزبوڵا و به‌رگریكاران یئامانجی ئیسرائیلیان بۆ كۆتاییهێنان به‌ به‌رخۆدان له‌ لوبنان پووچه‌ڵكرده‌وه‌.

*به‌رخۆدان له‌ لوبنان به‌ خۆڕاگری ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ پڕۆژه‌ی ئه‌مریكی – ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌، به‌هێزه‌، ئاماده‌یه‌ و دڵسۆزه‌ بۆ خوێنی شه‌هیدان بۆ ڕزگاركردنی خاك، بۆ ڕزگاركردنی فه‌له‌ستین.


PM:07:20:18/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو