ئیسرائیل و حه‌ماس له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ رێككه‌وتن


وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و ئاڵوگۆڕی بارمته‌ ئیسرائیلییه‌كان و زیندانییه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان رێككه‌وتوون، ئه‌مه‌ش رێگا خۆش ده‌كات بۆ ئه‌گه‌ری كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕێكی 15 مانگه‌ كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی هه‌ڵوه‌شاندووه‌.


ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ زاری‌ به‌رپرسێكی‌ ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ قۆناغێكی سه‌ره‌تایی بۆ ئاگربه‌ست دیاریكردووه‌ كه‌ شه‌ش هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت و بریتییه‌ له‌ كشانه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی هێزه‌كانی ئیسرائیل و ئازادكردنی ئه‌و بارمتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی ئه‌و زیندانییه‌ فه‌له‌ستینییانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ قه‌ته‌ر، میسر و ئه‌مریكا گه‌ره‌نتی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، وتى: "سه‌ره‌تا هه‌موو بارمته‌ زیندووه‌كان ئازاد ده‌كرێن، دواتر ته‌رمی‌ بارمته‌ كوژراوه‌كان راده‌ست ده‌كرێن".

وتیشی‌: "حه‌ماس له‌ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌دا بارمته‌كان ئازاد ده‌كات، هه‌فتانه‌ سێ بارمته‌ و ئه‌وانی تریش به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی ئه‌و ماوه‌یه‌".

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دانوستانی پچڕپچڕ به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست له‌و شه‌ڕه‌ وێرانكه‌ره‌ی 15 مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، هه‌ردوولا (ئیسرائیل و حه‌ماس) دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئاگربه‌ست نزیكبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دواساته‌كاندا ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كان ده‌بوونه‌وه‌.

ئه‌م رێككه‌وتنه‌ كاتیه‌ شه‌ڕێك راده‌گرێت كه‌ ده‌یان هه‌زار فه‌له‌ستینی كوشتووه‌ و به‌شێكی زۆری كه‌رتی غه‌ززه‌ی وێران كردووه‌ و زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌ پێش جه‌نگ دوو ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س بوون، ئاواره‌ بوون و ڕۆژانه‌ش ده‌یانیان لێده‌كوژرێت.

ئه‌م ئاگربه‌سته‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی پێكدادان له‌ كه‌رتی رۆژئاوا، لوبنان، سوریا، یه‌مه‌ن و عێراق، هه‌روه‌ها مه‌ترسی دروستبوونی شه‌ڕی ته‌واوه‌تی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێكه‌وته‌وه‌.


PM:08:27:15/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت