پزیشکیان لەبارەی مەترسی سەرهەڵدانی جەنگەوە هۆشداری دەداتە ترەمپ


وێستگەنیوز_

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداری دەداتە ئیدارەی نوێی ئەمریکا و دەڵێت: شەڕ دژی ئێران مەترسییەکی گەورەیە و لێکەوتەی خراپی دەبێت. دووپاتیشی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی "بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 1ـی 2025 مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 'ئێن بی سی' ئەمریکی دەڵێت: هیوادارم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییەکی هەرێمی و ناوچەیی هەنگاو بنێت، بەپێچەوانەوە خوێنێکی زۆر دەرژێت و جەنگێکی ماڵ وێرانکەر روودەدات.

ئەم هۆشدارییەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ دەستبەکاربوونی 47ـهەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ. 

سەبارەت بەو پرسیارەی کە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە یاخود نا، سەرۆکی ئێران جەختی کردەوە لەوەی، وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە، بەڵام سڵ لە هیچ لایەنێکیش ناکەنەوە و وەڵامی هەر دەستدرێژیکردنێک بۆسەر خاکەکەیان دەدەنەوە."


AM:09:03:15/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت