پۆلیس سەرۆکی کۆریای باشووری دەستگیرکرد


وێستگەنیوز_

بە تۆمەتی گەندەڵی و راگەیاندنی باری نائاسایی ناپێویست و بە بڕیاری دادگا، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە لایەن پۆلیسی وڵاتەکەیەوە دەستگیرکرا.
  
ئەمرۆ چوارشەممە 15ـی 1ـی 2025، سەرۆکی کۆریای باشوور دەستگیرکرا، ئەمەش یەکەمین جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا سەرۆکێک لەکاتی خولی سەرۆکایەتیدا دەستگیردەکرێت.
 
سەرۆکی کۆریای باشوور بەر لە دەستگیرکردنی رایگەیاند، رازییە بە لێپرسینەوە "ئەگەرچی نایاساییە و لەپێناو ئەوەدایە خوێن نەڕژێت".
 
میدیاکان ئاماژە بەوەدەکەن، بڕیارە بەزوویی دادگاییکردنی سەرۆکی کۆریای باشوور دەستپێبکات و ئەگەری دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بەهێزە.
 
دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆریای باشوور دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، رۆژی سێشەممە 3ـی 12ـی 2024، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند، دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. 

هەر لە هەمان بڕیاردا، سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیدا بن.
 
بڕیارەکە ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و پاش تەنها شەش کاتژمێر هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
 
لەکاتی راگەیاندنی بڕیاری رەتکردنەوەکەی پەرلەمان، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
 
تێکچوونی دۆخی کۆریای باشوور، لەدوای ئەوە دێت پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (پارتی هێزی گەلی کۆریای باشوور) کە سەرۆکی کۆریای باشووریش سەر بە پارتەکەیە، لەگەڵ بە‌هێزترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن (پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور)، لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2025ـی وڵاتەکە بووە کێشەیان و سەرۆکی کۆریای باشوور، لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیانەوێت بە کەمکردنەوەی بودجە، وڵاتەکە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لاواز بکەن.


AM:08:31:15/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت