سێرگی لاڤرۆڤ: پێشوازی لە هەڵوێستەکانی ترەمپ دەکەین


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا بە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای دەستبەکاربوونی کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانی بهێنێت و رەخنەی لە هاوکارییە سەربازییە بەردەوام و بێ مەرجەکانی واشنتۆن بۆ کیێڤ گرت، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێشوازی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن.
 
ئەمرۆ سێشەممە 14ـی 1ـی 2025 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئەو راستییەی خەڵک ئێستا زیاتر قسە لەسەر دۆخەکە دەکەن، شیاوی ئەوەیە پێشوازی لێبکرێت."
 
لاڤرۆڤ راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی کۆنکرێتییان پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک ترەمپ بووە سەرۆک و هەڵوێستێکی دیاریکراوی لەبارەی ئۆکرانیا دەربڕی، بەدڵنیاییەوە ئێمەش خوێندنەوەی بۆ دەکەین."

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لاڤرۆڤ وتی، هیچ پێشنیازێکیان لە تیمی ترەمپەوە پێنەگەیشتووە.

رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لەو هەڵوێستەی ترەمپ کرد کە رەخنەی لە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی ناتۆ گرتووە و دەڵێت: "یەکەمجارە سەرکردەیەکی رۆژئاوایی دان بەوەدا دەنێت ناتۆ بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە."
 
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی 2ـی ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە. لەو کاتەوە ئەمریکا بایی زیاتر لە 66 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.


PM:09:16:14/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت