نه‌واف سه‌لام: كارده‌كه‌م بۆ سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ته‌واوی‌ خاكی‌ لوبناندا


وێستگه‌نیوز-
نه‌واف سه‌لام، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی‌ لوبنان رایگه‌یاند، ده‌بێت كۆتایی به‌ داگیركاری خاكی لوبنان بهێنرێت و سوپای لوبنان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو خاكی وڵاته‌كه‌دا هه‌بێت.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نه‌واف سه‌لام له‌ یه‌كه‌مین وتاریدا له‌ دوای راسپاردنی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ لوبنان له‌ كۆشكی‌ به‌عبه‌دا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، وتی‌: "كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ مێژوی لوبنان هاتووه‌"، به‌ڵێنیدا چاكسازی ڕیشه‌یی ده‌ستپێبكات و ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و یاسا بنیات بنێت.

نه‌واف سه‌لام وتی‌: "گرنگرترین ئاڵنگاری‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ دوژمنكارییه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ ئیسرائیله‌ بۆسه‌ر لوبنان و جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاری‌ ژماره‌ 1701 و جێبه‌جێكردنی‌ ئاگربه‌سته‌ به‌ته‌واوی‌".

وتیشی‌: "كارده‌كه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان و چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ، هاوكات به‌دیهێنانی خواسته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی گه‌لی لوبنان".

ئاماژه‌شی به‌ به‌رنامه‌ی‌ خۆی‌ كرد بۆ جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زییه‌تی كارگێڕی فراوانكراو و جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی "ڕێككه‌وتنی تایف"، به‌ گرنگیدان به‌ بنیاتنانی ئابوورییه‌كی به‌رده‌وام كه‌ گه‌شه‌كردن به‌رزبكاته‌وه‌ و متمانه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ڵێن نییه‌، به‌ڵكو ئه‌رك و پابه‌ندبوونه‌، "كارده‌كه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌ وێرانبووه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ گونده‌كانی خۆیان له‌ باشور و بیقاع و به‌یروت، هاوكات به‌ ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی به‌نده‌ره‌كه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "گره‌وه‌كه‌مان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و هاوكاریمانه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو خاكه‌كانماندا ده‌سه‌پێنین".

نه‌واف سه‌لام راشیگه‌یاند كه‌ به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ جۆزێف عه‌ون، سه‌رۆكی لوبنان كارده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانی لوبنان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی‌ ده‌رفه‌تی‌ زیاتر.




PM:03:16:14/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت