جۆ بایدن: خەڵکی غەززە بە دۆزەخێکدا تێپەڕیون


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت گوشاری زۆر دەکەن بۆ ئاگربەستی غەززە، ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت ئەو بەڵێنە بەردەوام بێت کە ئەمەریکا رێگەنەدات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنت.


جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی رابردوو دوایین وتاری خۆی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ئیدارەی داهاتوو دەبێت دڵنیا بێت لەوەی رووخانی ئەسەد نابێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و لە سەرتاسەری ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت ئەو بەڵێنە بەردەوام بێت کە ئەمەریکا هەرگیز، هەرگیز رێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت".

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس وتی، "لە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازە نزیکین کە چەند مانگکێک پێش ئێستا خستمەڕوو و هەرگیز دەستبەرداری هەوڵەکانم نابم، رۆژی یەکشەممە قسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و رۆژی دووشەممەش لەگەڵ میری قەتەر قسەم کرد، چاوەڕێ دەکەم بەم زووانە لەگەڵ سەرۆک سیسیش سەرۆکی میسر قسە بکەم".

وتیشی، "ئێمە گوشاری زۆر دەخەینە سەر پرۆسەکە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو رێککەوتنەی ئێستا لە چوارچێوەکەی داین بارمتەکان ئازاد دەکات، شەڕەکە رادەگرێت، ئاسایش بۆ ئیسرائیل دابین دەکات و رێگەمان پێدەدات هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەی".

بایدن ئەوەشی خستەڕوو، "لە جەنگی حەماس، ئازارێکی زۆرمان چەشت خەڵکی غەززە بە دۆزەخێکدا تێپەڕیون، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان کوژراون، چەندین کۆمەڵگە وێران کراون گەلی فەلەستین شایستەی ئاشتی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی، ئیسرائیلیش شایستەی ئاشتی و ئاسایشی راستەقینەیە و بارمتەکان و خێزانەکانیان شایستەی ئەوەن بەیەکتر شادببنەوە".

رۆژی 20ی ئەم مانگە کۆتایی بە ئەرکی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا دێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەست بەکار دەبێت.







AM:08:47:14/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت