توركیا هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیزی دەستگیرکرد و قەیوم لە شوێنەكانیان دادەنێت
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز سەر بە پارێزگای مێرسین دەستگیركران و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی توركیا چووەتە سەر ماڵی هاوسەرۆكان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی ئاكدەنیز سەر بە پارێزگای مێرسین لە باكووری كوردستان، لە ئەنجامدا هۆشیار ساریڵدز و نوریە ئارسەلان هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز لە پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" و پێنج ئەندامی ئەنجومەنەكە دەستگیركران.
عەلی بۆزان پەرلەمانتاری دەم پارتیش رایگەیاند، هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز دەستگیركراون و توركیا قەیومی لە شوێنەكانیان داناوە و بە هەموو شێوەیەك بڕیاری دانانی قەیوم رەتدەكەنەوە.
لەسەر هەمان دۆسیە، چوار ئەندامی شارەوانی ئاکدەنیز دەستگیرکراون کە بریتین لە ئۆزگور چاغڵار، نەسیلحان ئۆروچ، یەقعوب دانش و حیکمەت باکرهان.
بەگوێرەی دۆسیەکە، دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بە بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار. پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنەکەش، هێزە ئەمنییەکان ئابڵوقەی شارەوانیی ئاکدەنیزیان دا و رێگە بە هیچ کەسێک نادەن بچێتە ناو بینای شارەوانی.
لە بەرامبەردا پارتی دەم لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان رایگەیاند، دەسەڵات دەست لە کودەتاکردن بەسەر ئیرادەی خەڵک هەڵناگرێت و جگە لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و چوار ئەندامی شارەوانی، گەمارۆی بینای شارەوانییەکەش دراوە.
پارتی دەم دەڵێت، دەسەڵاتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات و توانای بەرگەگرتنی ئیرادەی خەڵکی نییە، ئەوەش بەرەو شکستی گەورەتری دەبات.
PM:02:28:10/01/2025
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت