زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس نزیکەی 60 ملیار دۆلارە؛ و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە
وێستگەنیوز_
ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس دەکرێت یەکێک بێت لە پڕزەرەرترین کارەساتە سرووشتییەکانی مێژووی ئەمریکا.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی میدیایی "ئاکیو وێزەر"ـی ئەمریکی کە تایبەتە بە راپۆرت و توێژینەوەی تایبەت بە کەشوهەوا، تاوەکو ئێستا زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس لە نێوان 52 بۆ 57 ملیار دۆلارە. ئەو زیانە زۆربەی بەهۆی سووتانی باڵەخانە و خانووەکانەوە دروستبووە، بەتایبەتی کە ناوچەکە لە رووی خانووبەرەوە لە بەهادارترینەکانی ئەمریکایە.
جۆناسان پۆرتەر، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی کەشناسیی دامەزراوەکە دەڵێت: "ئەمە یەکێکە لە کارەساتبارترین ئاگرەکانی مێژووی کالیفۆرنیا".
ناوچەکانی سانتا مۆنیکا و مالیبون، لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.
پۆرتەر دەڵێت: "ئەگەر لە رۆژانی داهاتوو باڵەخانەی زیاتر بسووتێن، رەنگە ببێتە کارەساتبارترینی مێژووی کالیفۆرنیاش لەڕووی ژمارەی باڵەخانە سووتاوەکان و زیانە ئابوورییەکانەوە".
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا. نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلۆس زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلارە.
بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵی بەشێک لە دیارترین ئەکتەر و ئەستێرەکانی هۆڵیوود سووتاون، لەوانە بیڵی کریستاڵ، ماندی موور و پاریس هیڵتن.
بەپێی دوایین ئامار کە بەرپرسانی خۆجێیی شارەکە بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی 10 هەزار ماڵ و باڵەخانەش سووتاون.
PM:12:54:10/01/2025
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت