مەزڵووم عەبدی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی پڕ ئاژاوەی دیکە
وێستگەنیوز_
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، داوا لە ترەمپ دەکات هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجێبهێڵێتو دەڵێت: کشانەوەی هێزە دوو هەزار کەسییەکەی ئەمریکا دەرگا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و بەهێزبوونەوەیان.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد، هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بهێڵێتەوە. هۆشداریش دەدات بەکشانەوەی ئەو هێزە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی ناوچەکە بوونی هێزەکانی ئەمریکایە و ئەگەر بکشێنەوە، ئەوا دەبێتە بەهێزبوونەوەی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان و لەنێویاندا داعش."
ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. عەبدی رایگەیاند چەکدارانی داعش دەیانەوێت ئەو دۆخەی ئێستای سووریا بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی پێشووی داعش تێدا دەستبەسەرن. بەتایبەت لەم کاتەدا کە وەک عەبدی ئاماژە دەڵێت: هێزە کوردییەکان "سەرقاڵی بەرگریکردن لە ناوچەکانی خۆیان" لەو هێرشانەی دژیان دەکرێت لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی: "هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی پڕ ئاژاوەی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆی دیکە، بەتایبەتی زۆر لە گرووپەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن."
هەروەها پێی وایە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، هەست بە مەترسیی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دەکات بەتایبەتی لەدوای هێرشە تیرۆرستییەکانی ناوخۆی ئەمریکا لە شاری نیوئۆرلێنس.
راشیگەیاند: "ئیدارەی بایدن زیاتر سەرنجیان لەسەر نێوەندگیری نێوان هەسەدە و تورکیا بووە". دۆخی ئێستا ناوچەکەش بە "سەقامگیر" ناودەبات کە هەندێ پێکدادانی سنووردار لەدەوروبەری چەمی فوراتدا هەیە.
دواتریش پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا کرد و وتی: "هەسەدە نەک تەنیا بەناوی خەڵک و هێزەکەیەوە دژی داعش شەڕی کرد، بەڵكو بەناوی ئەورووپییەکانیشەوە شەڕی کرد."
لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، ترس هەیە ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە و رۆژی سێشەممە، 7ی کانوونی دووەم، کاتێک پرسیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ترەمپ دەکەن، ئەو ستایشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کرد و وتی "پێتان ناڵێم دەکشێینەوە یاخود نا، ئەوە بەشێکە لە ستراتیژی سەربازیی."
AM:11:09:10/01/2025
ئهم بابهته 604
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت