کەسێکی بە رەچەڵەک فەلەستینی بووە وەزیری نەوتی سووریا


وێستگەنیوز_

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، سووریاییەکی بە رەچەڵەک فەلەستینی بووە وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکانی سووریا.
 
حکومەتی کاتیی سووریا، غیاس دیابی بە رەچەڵەک فەلەستینی کردە وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکان، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا پۆستی ئاوا هەستیار و گرنگ بدرێتە کەسێکی بە رەچەڵەک فەلەستینی.
 
غیاس دیاب لە دیمەشق لەدایکبووە و رەگەزنامەی سووریا و فەلەستینی هەیە. بڕوانامەی لە ئەندازیاریی نەوت هەیە و خاوەن شارەزاییەکی زۆرە لە سەرچاوە سروشتییەکاندا. 
 
غیاس دیاب یەکەم فەلەستینییە کە پۆستی وەزیری نەوتی لە سووریا وەرگرتووە، پێشتر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دۆزینەوەی نەوت بووە. 
 
دیاب، پێش دامەزراندنی وەک وەزیر، بۆ چەندین ساڵ پۆستی باڵای لە وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان هەبووە. وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دۆزینەوەی نەوت لە سووریا کاری کردووە و بەرپرسیار بووە لە پەرەپێدانی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز. پێش دەستپێکردنی جەنگ لە سووریا، رۆڵی هەبووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان.


AM:08:29:10/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت