ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس گەیشتە هۆلیود؛ 100 هەزار کەس ئاوارە بوون


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس گەیشتووەتە شاری سینەمایی هۆلیود و فەرمان کراوە 100 هەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیە بە زووترین کات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن. 

سەرەتای ئاگرەکە دوێنی چوارشەممە 8ـی 1ـی 2025، لە شارۆچکەیەکی  ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس کەوتەوە و بە خێرایی تەشەنەی کرد. هەر دوێنێ نزیکەی 10 هەزار ماڵ شوێنەکانی خۆیان بەجێهێشت

ئەوەی لە ئێستادا رێگرە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بوونی بایەکی بەهێزە؛ هاوکات نەبوونی ئاوی پێویستە بەو خێراییە بۆ کوژاندنەوەی. 

هەر ئەمرۆ پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاربوو گەشتێک بۆ ئیتاڵیا بکات، بەڵام بەهۆی ئەم رووداوەوە گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "کارەساتێکی گەورە و مەترسیدارە".

کارینا تیسوا، پەیامنێری تۆڕی سی ئێن ئێن، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: "گەڕەکی پاسیفیک پالیساد، بە تەواوی لە دانیشتوانەکەی چۆڵ کراوە و ئێستە وەک جێگەیەکی ترسناک دەردەکەوێت." 

باس لەوەش دەکات، "چەند کاتژمێر پێشتر، ئێرە پێشانگەی هونەری دامەزراوەی بازرگانیی ئەم گەڕەکە دەوڵەمەندنشینە بوو، کەچی ئێستا بووە بە داروپەردووی سووتاو و دوکەڵی لێ بەرز دەبێتەوە."

تیمە ئاگرکوژێنەوەکانی کالیفۆرنیا فریای کوژاندنەوەی ئەو هەموو ئاگرە ناکەون، ناچار لە ویلایەتی نیڤاداوە چەندان تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ هاوکاریی هاوەڵانیان گەیشتوونەتە کالیفۆرنیا؛ سەرباری ئەوەش توندیی ڕەشەبا، ئاستەنگی زۆری لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا دروست کردووە.

بە گوێرەی دواهەواڵی گەیشتوو، تا ئێستا 5 کەس گیانیان سپاردووە هەزاران کەسیش ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە.


PM:03:17:09/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو