کۆمپانیای مێتا پرۆگرامی پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکانی لە ئەمریکا ڕادەگرێت


وێستگەنیوز_ AFP

کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی پلاتفۆرمە گەورەکانی سۆشیال میدیایە وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپ، ڕایگەیاندووە: پرۆگرامی 'پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکان'ـی لە ئەمریکا ڕادەگرێت.

مارک زوکەربێرگ، سەرۆکی مێتا لە پۆستێکیدا دەڵێت: "ئێمە کارمەندانی خزمەتگوزاری پشکنینی ڕاستییەکان دووردەخەینەوە چونکە وردبینیکەران زیاتر ڕووەو سیاسەتن؛ و هۆکارێکبوون لە لاوازکردنی متمانەدا نەک بەهێزکردنی، بەتایبەتی لە ئەمریکادا".

ئەم ڕاگەیاندنەی مێتا چەند ڕۆژێک پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ'ـی کۆمارییەکان دێت کە لە 20ـی ئەم مانگەدا بە فەرمی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت. کۆمارییەکان و ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس چەندین جار گلەیییان لە بەرنامەکانی پشکنینی ڕاستییەکان کردووە.

خاوەنی مێتا ئاماژەی بەوەداوە، "هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، خاڵی وەرچەرخان بوون، چونکە جارێکی دیکە ئەولەویەتیان بە ئازادی ڕادەربڕین دا".

ڕۆژی سێشەممە، ئیلۆن مەسک لە تۆڕی ئێکس پۆستێکی کرد و وتی: "شتێکی باشە ئەم بڕیارەی مێتا".

مەسک کە هاوکات بەرپرسی کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکسە و بە هاوپەیمانی ترەمپ ناودەبرێت، لەگەڵ لێدوانە کورتەکەیدا وێنەی بابەتێکی بە ناوی "فەیسبووک پشکنەرانی ڕاستییەکان لە کارەکەی دوورخستەوە لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین". ئاماژەی بەوەشکردووە، "مارک زوکەربێرگ دەڵێت کە بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆگرامە لە ڕووی سیاسییەوە لایەنگری دەکەن و بەڵێنی سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی ئێکس دەدات".

زوکەربێرگ ڕوونیکردەوە کە: پرۆگرامەکە لەمەودوا کاردەکات بۆ ئەوەی سانسۆر لەسەر هەندێک بابەت نەبێت و کۆتایی بە هەندێک سنووردارکردن دەهێنێت کە پەیوەندییان بە بابەتەکانەوە هەیە، وەک کۆچبەری و ڕەگەزپەرستی.

لای خۆشیەوە، ڕاس بێرلی، دامەزرێنەری سەنتەری خۆڕاگری زانیاری، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەم بڕیارە پاشکشەیەکی گەورەیە بۆ سیاسەتی میانڕەویی ناوەڕۆک، لە کاتێکدا کە زانیاری ناڕاست و ناوەڕۆکی مەترسیدار خێراتر لە جاران دەگۆڕێت و بڵاودەبێتەوە."

جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەوڵدان بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین پێویستە، بەڵام پاشەکشەکردن لە هەواڵەکانی پشکنینی ڕاستییەکان بەبێ بەدیلێکی متمانەپێکراو دەرگا بەڕووی لافاوێکی هەواڵ و ناوەرۆکی مەترسیدارتردا دەکاتەوە".



PM:11:07:07/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت