ئیسرائیل: حەماس بە تەواوی شوێنی بارمتەکان لە کەرتی غەززە دەزانێت


وێستگەنیوز- AFP

ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، حەماس هیچ زانیارییەکی لەبارەی بە دۆخی ئەو 34 بارمتەیە ئاشکرا نەکردووە کە لە کەرتی غەززە راگیراون، ئاماژە بەوەشدەکات، حەماس بە تەواوی زانیاریی هەیە لەسەر ئەو بارمتانە.


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی کانونی دووەمی 2025، ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە دۆخی ئەو 34 بارمتەیەی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون نەداوە و بزووتنەوەکەش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئازادکردنیان ئەگەر رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن بکرێت".

دەیڤید مینسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ئۆنلاین بۆ رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "ئەوان بە تەواوی دەزانن کێ لە ژیاندایە و کێ مردووە، ئەوان بە تەواوی دەزانن بارمتەکان لە کوێن".

وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "غەززە ناوچەیەکی زۆر بچووکە، حەماس بە تەواوی دەزانێت لە کوێن".

پێشتر نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "تائێستا ئیسرائیل هیچ پشتڕاستکردنەوە و لێدوانێکی لەلایەن حەماسەوە سەبارەت بە دۆخی ئەو بارمتانەی کە ناویان لە لیستەکەدایە وەرنەگرتووە".

بەڵام ئاماژە بەوەکرابوو، "لەلایەن بەرپرسێکی حەماسەوە لیستێک راگەیەندراوە کە ناوی 34 بارمتەی تێدایە، هەروەها بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی لە قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا".

پێشنیارەکەی حەماس لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و بەپێی ڕاپۆرتی بەرگریی شارستانی ئەمڕۆ 31 کەس لەو بۆردوومانەدا کوژراون.

قەتەر و میسر و ئەمریکا چەند مانگێکە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێک دەدەن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، لەم دواییانەدا هەردوولا لە دەوحە وتوێژی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامدا.









PM:08:06:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت