پێشبینی دەکرێت ئەمرۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەست لە کاربکێشێتەوە


وێستگەنیوز_

ماڵپەری رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا دەڵێت: "پێدەچێت ئەمڕۆ جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەست لە کار کێشانەوەی رابگەیەنێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە بە بڕیاری کۆتایی."

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نوسیویەتی: دوێنێ سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە کاروبارەکانی ترودۆ ئەم زانیارییەی بە رۆژنامەی گڵۆب ئەند مەیل داوە. ئەو سەرچاوەیە بە ئەم رۆژنامەیەی وتووە "ترودۆ نۆ ساڵە سەرکردەی پارتی لیبراڵی کەنەدییە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمڕۆ بە واژۆى خۆی پۆستی سەرۆکایەتییەکەی بەجێبهێڵێت."

ئاماژە بەوەشکراوە، هەندێک چاودێر پێیان وایە، رەنگە هۆکاری وازهێنانەکەی ترودۆ ئەوەبێت بەگوێرەی راپرسییەکان دەردەکەوێت بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، پارتەکەی ترۆدۆ لەبەرامبەر پارێزگارەکاندا شکست بهێنێت.

"دڵنیانین لەوەی ترودۆ پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت، بەڵام وای بۆ دەچن بکەوێتە پێش کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتەکەوە، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت." بە وتەی سەرچاوەکان بۆ ئەو دوو رۆژنامەیە.

ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانە لیبراڵەکان بەهۆی بینینی ئەنجامی راپرسییەکانەوە داوایان لە ترودۆ کردووە پۆستەکەی بەجێبهێڵێت. بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیران وەڵامێکی روونی بەو داوایانە نەداوەتەوە، بەڵکو لە راگەیاندنەکەیدا باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، بۆ قسە و باس لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانی کەنەدا و ئەمریکاوە.


PM:01:29:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت