زیادبوونی ئه‌گه‌ری هێرشی ئێران، سوپای ئیسرائیل ده‌خاته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك ئه‌ركانی گشتی سوپای ئیسرائیل فه‌رمانی كرد كه‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی‌ بخرێته‌ ئه‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه‌ك ببێته‌وه‌.


رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ میدیاكانی ئیسرائیل له‌ نێویاندا ماڵپه‌ڕی والا و سروجیم بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هێرتسی هالیڤی سه‌رۆك ئه‌ركانی گشتیی سوپای ئیسرائیل فه‌رمانی ده‌ركردووه‌ تا سوپای ئیسرائیل بخرێته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه‌كان ببنه‌وه‌.

هالیڤی ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ ئامانج له‌م بڕیاره‌ "ئاماده‌كارییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری‌ رێوشوێنه‌ تێكده‌ره‌كانی ئێران له‌ رۆژانی داهاتوودا".

ماڵپه‌ڕی فارسی كه‌ناڵی یۆرۆنیوز به‌ پشت به‌ستن به‌ میدیاكانی ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ دوای ئه‌و راپۆرتانه‌ هاتووه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ زیادبوونی ئاڵنگاری‌ ناوخۆیی بۆ رژێمی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت دوای زیانه‌كانی هێزه‌كانی نزیكی‌ تاران له‌ لوبنان و سوریا.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌ ئاگاداره‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێش ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی، ئێران رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان بریتین له‌: دابه‌زینی به‌های دراوی نیشتمانی، قه‌یرانی پێكهاته‌یی له‌ كه‌رتی وزه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری-ن.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ روونیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ری گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی سه‌ربازیی ئێران له‌دژی ئیسرائیل زیاتر بكات.

جموجۆڵه‌كانی سوپای پاسداران

به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئیسرائیل، "سوپای پاسدارانی ئێران له‌م دواییانه‌دا هه‌وڵی نوێی بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی هێزه‌كانی‌ نزیكی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت "حزبوڵا له‌ لوبنان” ده‌ستیپێكردووه‌.

گۆڕانكاری له‌ هاوسه‌نگی ستراتیژیدا

میدیا ئیسرائیلییه‌كان له‌ زاری سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌ ئاگاداره‌كانه‌وه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌، "گۆڕانكاری به‌رده‌وام له‌ هاوسه‌نگی ستراتیژی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌، جا چ له‌ ڕێگه‌ی جموجۆڵی سه‌ربازییه‌وه‌ بێت یان به‌رنامه‌ی ئابووری”، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی "نیگه‌رانی به‌رپرسانی ئێرانی سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر دیدگای ستراتیژی خۆیان”.

"به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی 3"

له‌م دواییانه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئێران جارێكی دیكه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی ئه‌نجامدانی گه‌ڕی‌ سێیه‌می هێرش بۆ سه‌ر ئیسرائیل به‌ ناوی ئۆپه‌راسیۆنی "به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی 3” كرده‌وه‌.

عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری مه‌زنی ئێران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌، دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل كه‌ له‌ 26ی تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2024 بۆ سه‌ر ئامانجه‌ ئێرانییه‌كان ئه‌نجامدرا، رایگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م هێرشه‌ پێویستییه‌.

لێدوانی به‌رپرسانی ئێران

هه‌فته‌ی رابردوو عه‌لی محه‌مه‌دی سیرت، نوێنه‌ری رێبه‌ری مه‌زنی ئێران له‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی سوپای پاسداران رایگه‌یاند كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی "به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی 3” جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هاوكات هه‌فته‌ی رابردوو عه‌لی نیكزاد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت و سه‌رۆك كۆماری ئێران دژایه‌تی جێبه‌جێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی 3 ناكه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا حسێن تائب راوێژكاری فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌م دواییه‌دا رایگه‌یاند كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی "به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی‌ 3” زۆر كاریگه‌رتر ده‌بێت له‌ دوو هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی پێشوو كه‌ ئێران له‌ ساڵی 2024دا بۆسه‌ر ئیسرائیل ئه‌نجامی‌ دا، كه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ بوون كه‌ ناویان لێنرا "به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی 1 و 2".


AM:12:07:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت