وه‌زیری بازرگانی سوریا: له‌ رۆژانی داهاتوودا مووچه‌ به‌رێژه‌ی 400% زیاد ده‌كه‌ین


وێستگه‌نیوز
وه‌زیری بازرگانی ناوخۆ و پاراستنی به‌كاربه‌ران له‌ سوریا ئاشكرایكرد كه‌ پلان هه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا مووچه‌ به‌ رێژه‌ی 400% زیاد بكرێت، پێشبینیش ده‌كات پێش 15ی ئه‌م مانگه‌ یان سه‌ره‌تای مانگی شوبات ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكرێت.


ماهیر خه‌لیل له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (CNBC)، وتی‌: "له‌ئێستاوه‌ بۆ شه‌ش تا حه‌وت مانگ حكومه‌تی سوریا ته‌نده‌رێك بۆ كڕینی گه‌نم پێشكه‌ش ده‌كات".

وتیشی‌: "یه‌ده‌گی گه‌نمی ئێستای سوریاش به‌شی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی پێنج مانگی‌ وڵات ده‌كات".

ئه‌و به‌رپرسه‌ نوێیه‌ی‌ سوریا پێیوایه‌ كه‌ "لە وەرزی 2026دا، سوریا لە بواری بەرهەمهێنانی گەنمدا دەگاتە ئاستی خۆبژێوی".

به‌پێی قسه‌ی ئه‌م وه‌زیره‌ی حكومه‌ته‌ كاتییه‌كه‌ی سوریا، به‌رهه‌می گه‌نمی سوریا له‌ ساڵی 2024دا بڕی (700 هه‌زار) ته‌نی تێنه‌په‌ڕاندووه‌.

ده‌شڵێت: "زۆربه‌ی كاڵاكان له‌ بازاڕی سوریادا به‌نزیكه‌ی 50%و زیاتریش نرخیان دابه‌زیوه‌، بازاڕی ئازاد له‌ سوریا ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی هه‌ندێك كاڵا".

ماهیر خه‌لیل ئاشكراشیكردووه‌، پلان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رۆژانی داهاتوودا مووچه‌ له‌ سوریا به‌رێژه‌ی 400% زیاد بكرێت، پێشبینی ده‌كات ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ یاخود سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو وه‌كو دواین واده‌ ئه‌نجام بدرێت.


PM:08:05:05/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت