ئه‌مریكا فڕۆكه‌یه‌كی‌ تر كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازی‌ ره‌وانه‌ی‌ حه‌سه‌كه‌ كرد

‌فڕۆكه‌یه‌ك به‌سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ سوریا

وێستگه‌نیوز-
روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی بارهه‌ڵگر له‌ بنكه‌یه‌كی ئه‌مریكی له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لشه‌دادی باشووری حه‌سه‌كه‌ له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا نیشتووه‌ته‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی و لۆجستیكی پێبووه‌.


رێكخراوی‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌ به‌ریتانیایه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه‌ له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لشه‌دادی باشووری حه‌سه‌كه‌ نیشتووه‌ته‌وه‌، له‌ عێراقه‌وه‌ هاتووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی به‌هێزكردنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

به‌گوێره‌ی ڕوانگه‌، "هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامن له‌ هێنانی هێزی سه‌ربازی له‌ ڕێگه‌ی وشكانی و ئاسمانییه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا.

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئه‌مریكا دوای چه‌ند كاتژمێرێك دێت له‌ گه‌یشتنی فڕۆكه‌یه‌كی‌ بارهه‌ڵگر كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازی و چه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ بنكه‌ی خه‌راب ئه‌لجیر له‌ لادێی رمێلان له‌ باكووری حه‌سه‌كه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی بنكه‌ ئه‌مریكییه‌كان و ناردنی پشتیوانی زیاتره‌ بۆ شاری‌ (كۆبانێ‌).

له‌ ئێستادا نۆ بنكه‌ی ئه‌مریكی له‌ سوریا جێگیركراون، یه‌كێكیان له‌ ناوچه‌ی ئه‌لته‌نف له‌ لادێكانی رۆژهه‌ڵاتی حومسه‌، دوو بنكه‌ی له‌ لادێكانی دێره‌زۆر و شه‌ش بنكه‌ی له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ن.


PM:03:27:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت