وەزیری دەرەوەی ئێران: هەڵوێستمان نەگۆڕاوە و ئامادەی گەڕانەوەین بۆ دانوستانەکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی


وێستگەنیوز_

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستمان نەگۆڕاوە و ئامادەی گەڕانەوەین بۆ دانوستانەکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێک.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی سی تی ڤی چین'ـی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەبڕیوە بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و رایگەیاند: زیاتر لە دوو ساڵ لەگەڵ وڵاتانی 5+1 بە نیاز پاکییەوە دانوستانمان کرد و دواجار گەیشتینە ڕێککەوتن.

ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکە بوو، بەڵام ئەمریکا بەبێ بەڵگە و بێ لەبەرچاو گرتنی هیچ لێکەوتەیەک لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دۆخەکەی بە ئێستا گەیاند.

جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، ئامادەین بۆ ئەوەی بێ دواکەوتن، بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام دانوستانێک، ئامانجەکەی ڕێککەوتن بێت، چونکە هەڵوێستی ئێران بۆ دانوستان نەگۆڕاوە و هەر هەمان هەڵوێستی پێشووە، ئەویش ڕێککەوتنە بەرانبەر بە هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران.

"لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا 10 ساڵ تێپەڕیوە، پێشهات و گۆڕانی زۆر ڕوویانداوە، هەربۆیە دەرچوونی تاکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەڵەیەکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە و ڕووبەڕووی  کاردانەوەی ئێرانیش بووەوە." عێراقچی وای وت.

دەشڵێت: هەرچەندە سزاکانی ئەمریکا قورستر و فراوانتر بوون، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش قەیران هەیە، بەڵام ڕێگەی دیپلۆماتی هەرگیز دانەخراوە، هەربۆیە لەو بڕوایەدام لە ئاڵۆزترین دۆخدا، دەکرێت بە هەوڵی دیپلۆماتی بگەینەی چارەسەر، ئەمەش پەیوەستە بەوەی کە ئیرادەی سیاسی چەندە و چەند هەوڵ و دەستپێشخەری دیپلۆماتکاری دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە لایەنەکانی بەرامبەر هەبێت، دۆزینەوەی چارەسەر قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە.


PM:10:15:03/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو